نەتانیاهۆ و ترەمپ لەبارەی کۆتاییهاتنی شەڕ لێدوانی جیاواز دەدەن

سەرۆکی ئەمریکا لەمیانەی گەشتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپاتیدەکاتەوە، شەڕی غەززە کۆتاییهات، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت تاوەکو ئێستا شەڕ کۆتایی نەهاتووە.
دوای دوو ساڵ لە جەنگی غەززە، ئەمڕۆ دووشەممە 13-10-2025 بە مەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی غەززە لە میسر لووتکەیەکی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، لەژێر ناونیشانی ‘لووتکەی ئاشتی شەرەم شێخ’، زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتی جیهان بەشداری لە لووتکەکەدا دەکەن لە نێویاندا سەرۆکی ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، شەڕی غەززە کۆتاییهات و ئاگربەست سەردەگرێت، پێموایە خەڵک لێی بێزارن سەدەیەکە شەڕ دەکەن. ئەو وڵاتانەی بەشداری لووتکەی ئاشتی دەکەن، ئاماژەن بۆ ئەوەی جیهان لە دەوری پلانەکە یەکگرتووە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە، دەشڵێت لەگەڵ ئەمریکا سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە کە هەموو جیهانی سەرسام کردووە، بەڵام شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە.