
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، فەرمانبەرانی سنووری ماددەی 140 كە لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، لەنزیك شوێنی نیشتەجێبوون و كاركردنیان زەوییان پێ دەدرێت.
دوای ساڵێك لە دەستپێكردنی پرۆسەی وردبینی بۆ دابەشكردنی زەویی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر 167 هەزار فۆرم بۆ وەرگرتنی زەوی داوە، لە سنووری شارەوانییەکان دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان کراوە، تا ئێستا سەرووی 50 هەزار فەرمانبەر بەكردەیی زەوییان بۆ دەرچووە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەوام دەكەن و خۆیان خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، بەپێی ئەو ڕێنماییەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، لە نزیكترین شوێنی نیشتەجێبوونیان و كاركردنیان زەوییان پێ دەدرێت.
تاوەکو ئێستا سەرووی 50 هەزار پارچە زەوی لە سنووری هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ دابەشکراون، بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە ناوچەکانی دیکەش دەستپێبکات.



