نزیکەی 11 ملیار دینار خەرج دەکرێت

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تووشبووانی تالاسیمیا ڕەوانەی وڵاتەکانی تورکیا و هیندیستان دەکرێن و چارەسەری وەردەگرن.
بەرەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە 21-10-2025، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، کاروانی سێیەمی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ نەشتەرگەری چاندنی مووخی ئێسک لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای پشکنین و ئامادەکارییە پزیشکی و ڕێککارە زانستییەکان، 48 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە نەخۆشانی تالاسیمیا، بەخشەران و هاوەڵەکانیانن بۆ نەشتەرگەری چاندنی مووخی ئێسک، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران، تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوەیان، مانەوە و پشکنین، نەشتەرگەری و چارەسەرەکانیان بودجەی پێویستی بۆ دابینکراوە.
لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 140 توشبووی تالاسیمیا دەنێرێتە وڵاتانی دەرەوە و بودجەی تەواو بۆ نەشتەرگەری، مانەوە دابین دەکات کە نزیکەی 11 ملیار دینارە، نەخۆشخانەکانیش دەنێردرێنە ژمارەیەک نەخۆشخانەی خاوەن متمانەی نێودەوڵەتیی JCI لە وڵاتەکانی تورکیا و هیندستان. لە ئێستادا 120 هاووڵاتی لە نەخۆشخانەکانن، لە ڕۆژانی داهاتووشدا کاروانی چوارەم 60 نەخۆش و هاوەڵەکانیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.