کوردستانگرنگهەواڵ

“کاری سەرەکیمان لە خولی نوێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبێ”

پارتی دیموکراتی کوردستان رژدە لەسەر گۆڕانکاری  لە سیستمی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی حیزبەکە دەڵێت، لە خولی نوێ کار بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەین، دەبێت یاساییەکی سەردەمیانەش بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت. 

جەعفەر ئیمینکی بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند:”دوای هەڵبژاردن یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی نوێنەرانیان بە هاوبەشی لەگەڵ فراکسیۆنی دیکەدا کارکردن دەبێ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.”

لەبارەی پشتیوانی سیاسییەوە بۆ هەوڵەکەیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، جەعفەر ئیمینکی دەڵێ: “دەردی ئێمە هاوبەشە لەگەڵ خەڵکی دیکە بۆیە تێگەیشتنی باش لەسەر بابەتەکە هەیە، چونکە هەموو سیستمەکانی دیکە لەم سیستمەی عێراق باشترە و ئەوەی ئێستا هەیە بێسەروبەرە.” 

مەسعود بارزانی لە یەکەم پەیامی لە دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان یاسای هەڵبژاردنی ئێستای بە یاسایەکی نادادپەروەر ناوبرد و گوتی: “دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت.”

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کێشەکانی سیستمی ئێستای هەڵبژاردنەوە دەڵێ: “سەرچاوەی ئامارەکانی هەڵبژاردنەکە پسولەی خۆراکە، بەڵام پسولەی خۆراک دەستکاری زۆری تێداکراوە، دەکرا لەجیاتی سەژمێری گەشەسەندن، سەژمێری دیمۆگرافی بکرێت و ببێتە سەرچاوەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن.”

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت، عێراق بەسەر 18 بازنەدا دابەشکراوە، بە گوتەی جەعفەر ئیمینکی فرە بازنەیی بەبێ سەرژمێری ناکرێت: ”ئەگەر ئێستا پێداچوونەوە بکرێت چوار کورسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت. “

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنەی لە بەرپرسانی ئێستای عێراق گرت تاوەکو ئێستا عێراق بە کاتیی بەڕێوەدەبەن، بۆیە ئەو گۆڕانکاریانە ناکەن. 

جەعفەر ئیمینکی لەبارەی دیزاینکردنی پێشوەختەی هەڵبژاردنیشەوە دەڵێ: “گومانی دیزاینکردنی پێشوەختەی هەڵبژاردن ناکەین، بەڵام لەو شوێنانەی چاودێرییان نییە رەنگە هەندێک لایەن بتوانن ساختەکاری بکەن.”

دوایین هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان بە سیستمی چوار بازنەیی کرا، ئەوکاتیش پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی سیستمی یەک بازنەیی کرد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی حیزبەکە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی: “بۆ  کوردستانیش پێویستمان بە یاسایەکی سەردەمییانە هەیە.”

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9ـی دیکەیان کۆتان.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button