گرنگهەواڵ

کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدان دەکرێت

جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، ئەمجارە کڕین و فرۆشتنی دەنگ لە پارێزگا جیاوازەکاندا بەتایبەت لە پارێزگاکانی عێراق گەرمە، دوای بەدواداچوون دەرکەوت لە نەینەوا دیاردەکە زەق بووەتەوە، لێکۆڵینەوە لەو پرسە بەردەوامە، ئەمجارە لە دیالە پرسەکە گەرمە، بەڵام لە کەرکووک و سەڵاحەدین بوونی “کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان” رەتدەکرێتەوە.

پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین، تاوەکو رادەیەکیش نەینەوا  کێبڕکێی نەتەوە و پێکهاتەکان تێیاندا گەرمە، کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان لە نەینەوا و دیالە هەیە، لە سەڵاحەدین و دیالە بەرپرسانی هەردوو پارێزگا رەتیدەکەنەوە کارتەکانی دەنگدان کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەڵێت: “زیاتر لە 100 هەزار کارتی دەنگدان لە دیالە کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە”، بەرپرسێکی سەڵاحەدینیش رایگەیاند:”ئەو دیاردەیە لە پارێزگاکەدا زۆرە.”

‘نرخی کارتی دەنگدان لە دیالە 50 بۆ 100 هەزار دینارە’

پارێزگای دیالە ملیۆنێک و 71 هەزار دەنگدەری گشتی و تایبەتی هەیە و ململانێی حیزبەکان لەسەر 14 کورسی پارێزگاکەیە، لەو پارێزگایەدا، شیعە، سوننە، کورد رکابەری دەکەن هەریەکەیان چاوی لە کورسییەکانی پارێزگا تێکەڵاوەکەی عێراقە کە دۆخێکی تارادەیەک نزیکی لە نەینەوا، سەڵاحەدین و کەرکووک هەیە.

ترکی عەتەبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند: “دیاردەی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان لە دیالە زۆر بەربڵاوە، هۆکارەکەش ئەوەیە بەشێکی زۆری خەڵک ئەم پارێزگایە هەژارن ،چینێکی دەوڵەمەند و دەسەڵاتداریش هەن کارتەکانیان لێدەکڕن.”

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە باس لەوە دەکات:” نزیکەی 100 هەزار کارتی دەنگدان لە دیالە کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە، نرخەکەی لە دەوروبەری 50 بۆ 100 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.”

سەلام مەهدی، بەرپرسی نووسینگەی دیالەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: “تاوەکو ئەمڕۆ هیچ سکاڵایەکمان لەبارەی بوونی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان بەدەست نەگەیشتووە.”

ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی دیالە نەیشاردەوە، “رەنگە هەژاریی خەڵک بۆ هەندێک مەرامی سیاسی بەکاربهێنرێت.”

سەلام مەهدی دەڵێ: “لەماوەکانی رابردوودا پۆلیسی دیالە چوار کەسی دەستگیرکرد کە 150 کارتی دەنگدانیان پێبوو.”

‘کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان لە کەرکووک تۆمار نەکراوە’

کۆی گشتیی کورسییەکانی پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق 13 کورسییە و کێبڕکێیەکی گەرم لەنێوان لایەنەکاندا هەیە بۆ دەستکەوتنی زۆرترین کورسی، کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکەش 958 هەزار و 141 کەسن، بەرپرسانی شارەکە بوونی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان رەتدەکەنەوە.

ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: “تاوەکو ئێستا کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان لە کەرکووک نەبووە.”

هەروەها عەلی عەباس، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:” دەبیستین دەگوترێت ئەو دیاردەیە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک لەلامان تۆمار نەکراوە لەسەر ئەو حاڵەتە.”

ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن هۆشداری دەداتە بەربژێران و دەڵێت: “سزای کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان زیندانی کردن و دوورخستنەوەی بەربژێرە لە هەڵبژاردن، دادگەی تایبەتمەند بڕیاری سزادانی ئەو کەسانە دەدات.” 

عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند: “تاوەکو ئێستا کەس لەسەر تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیرنەکراوە.”

بەرپرسانی سەڵاحەدینیش دڵنیایی لە نەبوونی حاڵەتەکە دەدەن

پارێزگای سەڵاحەدین 961 هەزار و 157 دەنگدەری هەن و کێبڕکێی حیزبەکان لەو پارێزگایە لەسەر 12 کورسییە. 

یاسر نسەیف، بەرپرسی نووسینگەی سەڵاحەدینی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: “ئێمە لیژنەی تۆمارکردنی سەرپێچیمان هەیە و رۆژانە چاودێری دۆخی بانگەشە دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکمان لەوبارەوە تۆمار نەکردووە و سکاڵاشمان بەدەست نەگەیشتووە.”

یاسر نسەیف دەڵێت: “لەکاتی تاقیکردنەوەی ئامێرەکاندا ئەزموونی ئەوەمان کرد، کارتی دەنگدان هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت لەجێی کەسێکی دیکە دەنگ بدات.”

پۆلیسی سەڵاحەدین هەروەها دڵنیایی لە نەبوونی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەدات، عومەر خالید، گوتەبێژی پۆلیسی سەڵاحەدین رایگەیاند: “لە سەرەتای هەڵمەتی بانگەشەوە تاوەکو رۆژی دووشەممە کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدانمان تۆمار نەکردووە.”

بەڵام سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند: “کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان لە سەڵاحەدین هەیە، زۆربەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەم شارە دەستیان لەو پرسەدا هەیە.”

بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.

رۆژی 20ی ئەم مانگە، لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: ”چەند کەسێک بە تۆمەتی کڕینی کارتی دەنگدان و دڕاندنی وێنەی بەربژێرەکان دەستگیرکردووە، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و پێکهاتە ئەمنییەکانی دیکە، لە چەند رۆژی رابردوودا چاودێریی مەیدانیی چڕیان کردووە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button