
دوای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی غەززە و ڕەفەح، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد “هێرشێکی بەهێز” بکەنە سەر کەرتی غەززە. ئەمەش دوای ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، حەماس هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان لە شاری ڕەفەح.
مەترسیی شکستهێنانی ڕێککەوتنی غەززە هەیە کە بە دەستپێشخەری و پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان ئیسرائیل و حەماس هاتە ئاراوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چەکدارانی حەماس مووشەکی دژە تانکیان بەکارهێناوە و بە قەناسەوە تەقەیان لە هێزەکانی ئیسرائیل کردووە لە شاری ڕەفەح لە باشووری غەززە. زۆربەی ئەم ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدایە، بەڵام هێشتا هەندێک چەکداری حەماس لە تونێلەکانی ناوچەکەدا چالاکن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، “دوای ڕاوێژکردن بە بەرپرسانی حکومەت، بنیامین نەتانیاهۆ فەرمانیداوە دەستبەجێ هێرشی “بەهێز” بکەنە سەر غەززە.
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل ڕێگر دەبێت لە گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی پڕۆسەی ڕادەستکردنەوەیان.



