جیهانهەواڵ

رێوشوێنی تووند دژی گرووپە ئیسلامییەکان دەگیرێتەبەر

حکومەتی ئەڵمانیا گرووپێکی موسڵمانی بە ناوی “موسڵمان ئینتەرئاکتیڤ” قەدەخە کرد و هەڵیکوتایە سەر دوو گرووپی دیکە، ئەمەش بە تۆمەتی ئەوەی بۆ سەر سیستمی دەستووریی وڵاتەکە هەڕەشەن. وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، گرووپەکان کاریان بۆ بڵاوکردنەوەی دژایەتیی جوو و جیاکاری دژی ژنان و کەمینە سێکسییەکان کردووە.

رۆژی چوارشەممە 05-11-2025 سەدان پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر 19 شوێنی جیاواز لە شارەکانی هامبۆرگ، بەرلین و ویلایەتی هێسنی ئەڵمانیا. لەو هەڵمەتەدا دەستبەسەر چەندین کەلوپەلدا گیرا، لەوانەش پارەی کاش، داتای کۆمپیوتەر و دەفتەری تێبینی.

ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند: “ئەوەی ئەمڕۆ کردمان، دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکان و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەکەیان بوو، ماڵپەڕەکانمان داخستن و نەک تەنیا چالاکییەکانی داهاتوو، بەڵکو پیشاندانی هەر هێمایەکی موسڵمان ئینتەرئاکتیڤیشمان قەدەخە کرد”.

بە گوتەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، پێشێلکردنی سیستمی دەستووری لەوەدا دەردەکەوێت کە “موسڵمان ئینتەرئاکتیڤ” چەندین جار داوای دامەزراندنی خەلافەتی کردووە، “بەمەش بە روونی رەتکردنەوەی خۆی بۆ دیموکراسی و سەروەریی یاسا دەربڕیوە.”

گرووپی موسڵمان ئینتەرئاکتیڤ بەوە ناسراوە، کە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بانگەشە دەکات، بە تایبەتی بۆ ئەو گەنجە موسڵمانانەی رەنگە لە کۆمەڵگەی زۆرینە مەسیحیی ئەڵمانیادا هەست بە نامۆبوون یان جیاکاری بکەن.

دۆبرینت جەختی کردەوە: “ئێمە دژی هەر جۆرە تووندڕۆییەکین، گرنگ نییە لە چ لایەنێکەوە بێت. رووبەڕووبوونەوەی تووندڕۆیی سیاسی یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی کارکردنمان، هەر بۆیە دژی تووندۆیی راستڕۆ، توندڕۆیی چەپ و ئیسلامیزمین.”

ئەڵمانیا لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی تووندتر رووبەڕووی توندڕۆیی بووەتەوە و چەندین گرووپی قەدەخە کردووە، لەنێویاندا رێکخراوی راستڕۆی تووندڕۆ و ئیسلامی. 

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button