
بەڕێوەبەری رێگەوبانی کۆیە رەخنەی تووند لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی کۆیە – تەقتەق دەگرێت و بە “کەمتەرخەم” و “زۆر سست” وەسفی دەکات. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە رێکاری یاسایی دژی دەگرنەبەر. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هاونیشتمانیانی سنوورەکە سکاڵایان لە هێواشیی کارەکانی پڕۆژەکە هەیە.
ئەندازیار کۆسار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی کۆیە، رایگەیاند، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی چاککردنەوەی رێگەی نێوان کۆیە و تەقتەق، کارەکانی “زۆر بە سستی” بەڕێوەدەبات و گوتی: “خۆم سەردانی رێگەکەم کردووە و لە نزیکەوە کارەکانی کۆمپانیاکەم بینیوە کە زۆر سستە.”
بەڕێوەبەری رێگەوبانی کۆیە رایگەیاند، لەسەر ئەو کەمتەرخەمییە بێدەنگ نابن و گوتی: “هەر نووسراو ئاراستەی هەردوو قایمقامیەتی کۆیە و تەقتەق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان دەکەین. نوێنەری کۆمپانیاکەش بانگهێشت دەکەین و ئاگاداری دەکەینەوە، رێکاری یاساییشی بەرامبەر دەگرینەبەر.”
بە گوتەی ئەندازیار کۆسار، ئەو کۆمپانیایە سێ پڕۆژەی وەک یەک پاکێج بە گوژمەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار وەرگرتووە، کە بریتین لە: نۆژەنکردنەوەی رێگەی کۆیە – تەقتەق. رێگەی چنارۆک – هەیبەت سوڵتان و چاککردنی چاڵوچۆڵیی بەشێک لە رێگەی هەولێر – کۆیە.
رێگەی کۆیە – تەقتەق درێژییەکەی 7 کیلۆمەترە. بەڕێوەبەری رێگەوبانی کۆیە دەڵێت، “لەبەر گرنگییەکەی و زۆریی داواکاریی هاونیشتمانییان، یەکەمجار دەستمان بەوە کرد.”
سەبارەت بە پێدانی پارەی پێشینە بە کۆمپانیاکە، کۆسار حەمەساڵح روونیکردەوە: “کۆمپانیاکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناخەی پێشینەی بۆ خەرج بکرێت، چونکە کارەکانی لە سەرەتادایە.”



