کوردستانگرنگهەواڵ

هەشت پاسەوانی بەرپرسێک دەستگیرکران

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێ، هەشت کەس لە پاسەوانانی موهەیمەن حەمدانی دەستگیرکراون.

رۆژی شەممە، پاسەوانەکانی موهەیمەن حەمدانی، بەربژێری دەرچووی پەرلەمانی عێراق هێرشیان کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک و دەستڕێژی گوللەیان لە خانوو و ئۆتۆمبێلەکەی کرد؛ هەروەها هێرشیان کردە سەر ئەفسەرێکی سوپای عێراق کاتێک هەوڵیدا رێگری لە پەلاماردانی ئەو خێزانە بکات.

رۆژی یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، عەمید عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، رایگەیاند: “یەکێکی دیکە لە تەقەکەرەکان دەستگیرکرا و ئێستا بوونەتە 8 کەس. دۆسیەکە تەواو بووە و رێکارەکان لەگەڵیان دەستیپێکردووە”.

بە گوتەی عامر نووری، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە تەقەکە لەلایەن ئەو 8 کەسەوە کراوە کە هەموویان پاسەوانی موهەیمەن حەمدانین و توانراوە هەموویان دەستگیربکرێن.

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند: “موهەیمەن حەمدانی خۆی دەستگیرنەکراوە، چونکە پارێزبەندی هەیە”.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-11-2024، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزێکی ئەمنیی هاوبەش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و پۆلیسی کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی 7 کەسی جێبەجێکردووە کە تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەر خێزانێک لە پارێزگاکە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکە و تەقەیان کردووە، هەروەها هەوڵی رفاندنی یەکێک لە کوڕەکانیان داوە.

دوای رووداوەکە، هێزێکی سوپای عێراق چوونە دووبز و نووسینگەی تەقەدوومیان داخست کە شوێنی کۆبوونەوە و دیدارەکانی موهەیمەن حەمدانیش بوو.

دوو ئەندامی بنەماڵەی پێشمەرگەکە (دایکی و هاوژینەکەی) لەگەڵ ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب و جێگری ئەفسەرێک، سکاڵایان لەسەر موهەیمەن حەمدانی تۆمار کردووە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button