جیهانهەواڵ

هەر 10 خولەک جارێک ژنێک دەکوژرێ


نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هەر 10 خولەک جارێک ژنێک لەلایەن کەسێکى نزیکییەوە دەکوژرێ، هەروەها دەڵێت، لە 2024دا پێشکەوتنێکى بەرچاو لە بەرەنگاربوونەوەى دیاردەى ژنکوشتن نەبووە.

لە رۆژى جیهانیی بەرەنگاربوونەوەى تووندوتیژى دژى ژناندا، ئۆفیسی ژنان و ئۆفیسی تاوان و هۆشبەرەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکى هاوبەشدا رایانگەیاند، زیاتر لە 50 هەزار ژن و کچ لەلایەن کەسێکى نزیکیان یاخود ئەندامێکى خێزانیان لە 2024 کوژراون. 

راپۆرتەکە رۆژى دووشەممە 24-11-2025 بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات 60%ـی ئەو ژنانەى لە تەواوى جیهاندا کوژراون، لەلایەن کەسێکى نزیک وەکو باوک، مام و خاڵ، دایک و براوە بووە. لە بەرامبەردا 11%پیاوان لەلایەن کەسێکى نزیکەوە کوژراون. 

بەپێى  داتاکانی نێو راپۆرتەکە لە رۆژێکدا 137 ژن و لە هەر 10 خولەکدا ژنێک دەکوژرێ.

سارا هێندریکس، بەڕێوبەرى بەشى رێکارەکانی ژنانى نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: “ژنکوشتن لەخۆڕا روونادات، زۆر جار ئەنجامى تووندوتیژى بەردەوامە، کە لە کۆنترۆڵکردنى کەسەکە بە هەڵسوکەوت و هەڕەشە و گێچەڵ دەستپێدەکات. تەنانەت لە ئۆنڵاینیش.”

بە گوێرەی راپۆرتەکە “ماڵ، یەکێکە لە شوێنە هەرە مەترسیدارەکان بۆ کوشتنی ژنان و کچان.”

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە چەندین جۆرى گێچەڵى ئۆنڵاین کراوە، کە هۆکارن بۆ تووندوتیژی دژى ژنان و کچان وەکو: بڵاوکردنەوەى وێنە، ڤیدیۆى دروستکراو بە ژیریى دەستکرد و بڵاوکردنەوەى زانیاریی کەسی. 

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button