
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرگری لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا دەکات، دوای ئەو هێرشەی لە تەدمور بووە هۆی کوژرانی سێ ئەمریکی.
ترەمپ رایگەیاند، شەرع “زۆر نیگەرانە” لەو هێرشەی رۆژی شەممە کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە لە ناوچەیەکی سووریا روویداوە، کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەحمەد شەرعەوە گوتی: “ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نەبوو”.
ترەمپ مانگی تشرینی دووەم لە کۆشکی سپی پێشوازی لە شەرع کردبوو.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: “شەرع زۆر نیگەرانە. کاری لەسەر دەکات. پیاوێکی بەهێزە و ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی سووریاوە نەبوو”.
سوپای ئەمریکا و ترەمپ، داعش بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن، وێڕای ئەوەی کە حکومەتی سووریا رایگەیاندووە، هێرشکارەکە ئەندامێکی “تووندڕۆی” هێزە ئەمنییەکانی ئەوان بووە.



