
نەبەز رەشاد: هێزێكی یەكێتی لە هەولێر، سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەی ڕفاندووە
ڕۆژنامەنووسێك ئاشكرای دەكات كە لە لایەن هێزێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە شاری هەولێر، سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە بۆ ماوەی شەش كاتژمێر رفێندراوە و سووكایەتییەكی زۆریشی پێ كراوە.
نەبەز رەشاد، ڕۆژنامەنووس لە هەولێر، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”میران بەکر لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، کەمێك پێش ئێستا پێی ڕاگەیاندم، شەش كاتژمێر لە لایەن هێزی پاراستنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر ڕفێندرام و توورەگە خرایە سەرم و بە بۆکس لێیاندام.”
نەبەز رەشاد لە زاری میران بەكرەوە ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە میران لە نزیك باڵاخانەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە بە کۆشکی سپی ناسراوە، بۆ شت كڕین لە دوکانێک لای داوە، لەم كاتەدا هێزیکی یەکێتی کە ئەرکی پاراستنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە لە هەولێر، هێرشیان کردووەتە سەری و تورەگەیان لەسەری كردووە و بۆ ماوەی كاتژمێر بردوویانەتە شوێنێكی نادیار و بەرەوام جنێویان پێداوە و لێیان داوە، دواتریش لە شوێنێك فڕێیان داوە.
بە گوتەی نەبەز رەشاد، میران بەكر نازانێت بۆچی ئەو هێزە وایان لێی كردووە.
بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، سەرچاوەیەک پەیوەندیی بە میران بەكرەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە چەند هەفتەی رابردوودا، میران بەكر، سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە، چەندین بەڵگەی لە دژی ژنە پەرلەمانتارێکی یەكێتی و پەیوەندیی نێوان ئەو پەرلەمانتارە و سەرانی حزبەكەی بڵاو كردەوە.
جێی باسە تاوەكوو ئێستا یەكێتی نە بە فەرمی و نە لە ڕێگەی میدیاكانی نزیك لە خۆیەوە، هیچ زانیارییەكی لەمبارەیەوە بڵاو نەكردووەتەوە، چ بەدرۆخستنەوە بێت یان بە پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکە.



