وتار

یەکێتی ئێستا خراپترین سەردەمیی میدیایی بەسەردەبات

بەهرۆز فەرەیدون

سەرەتا سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، بۆ هەموو ئەو نیعمەت و بەسەرکردنەوانەی کە لەژیانم رووبەرووی بوومەتەوە و قەناعەتم وایە ئەوەی خودا نەینووسیبێت ناکرێت و نابێت و ئێمە موڵکی خودای گەورەین و بەخۆمان و کارە چاک و خراپەکانمانەوە هەر بۆلای ئەو دەگەڕێینەوە.

یەکەم: بەڕێزان، لەبەرواری 7/9/2025، هیچ پەیوەندییەکم بەو کەناڵەوە نەماوەو ئەوکات و تاوەکو ئێستاش ئەسڵەن هەر بە پێویستم نەزانیوە هیچ روونکردنەوەیەک لەسەر کارنەکردن لە کەناڵەکە و هەر بابەتێکی دیکە بدەم، ئێستاش ئەم روونکردنەوەیە زیاتر دوای بڵاوکراوەیەکم بوو لەسەر تەنیایی میدیایی قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆکی حکومەت لەمەسەلەی لافاوی خزم و کەسە ئازیزەکانمان لە چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە.بێدەنگبوونیشم تەنیا لەچوارچێوەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و ئاڵۆزنەبوونی زیاتریی دۆخی ئەو میدیایە بوو کە ئیشم تێیدا دەکرد، بەڵام بینیتان سیاسەت و بەرنامەی دەزگاکە چی بەسەرهات و ئەو بێلایەنییەی کارکردن کە بانگەشەی بۆ دەکرد، دەرکەوت بەوشێوەیە نییە!

دووەم: هەندێ کەس چەندجارێک بەکۆمێنت بۆم دەنووسن بۆ چویتە کەناڵ8 و بۆ لەوێ نەمایت، بۆ ئەم پرسیارە تەنیا پێم وایە، وەک هەر میدیاکارێکی دیکە ئازادم بمەوێ لەکوێ کار بکەم، کە پێم وایە هەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی دەزگا میدیاییەکە دیار و بەرچاوبوون و دیارترینیش بەرنامەی “پێچ و پەنا” بوو، بەرنامەیەک کە لەمیدیای کوردی و ناوچەکەش یەکەمینجار بووە بەو ئاستە بەرزە ئامادەبکرێت، کە ئەمەشیان فەزڵی خوای گەورە بووەو هەمیشە سوپاسگوزارم، کێشەکە لە ئیدارەدان و لێنەزانیی لەکاری میدیایی، بە بەرپرسیارییەتیەکانی دەزگاکەدا شۆڕبووەتەوە و هەوەک ئەوەی خۆیان لەسەر هەوڵی کەسی شارەزاو میدیاکاری بەئەزموون خەریکی خۆتێرکردن و هەندێجار خۆفێرکردن و هەندێجاریش شێواندن، جا لەو کەشەدا کاری جدیی میدیایی نە دەکرێت، نە دەزگاکە بەرەوپێشەوەدەچێت.سودفەو سەدەقە خەڵک بکاتە بەرپرس، هەر ئەوە ئەنجامەکەی دەبێت، کە کەسی عاقڵ ئاوات بەحاڵی ئێستای دەزگاکە ناخوازێت.

سێیەم: لێم دەپرسن کەی دەست بەکار دەکەیتەوە و لەکام میدیا، بۆ ئەم پرسیارەش دەڵێم، دەستپێدەکەمەوە باشتر لەڕابردووم.

چوارەم: تا لەوێبووم، بەردەوام دەستم بە گۆشەو هەموو پنتێکی کەناڵەکەوەبووە؛ ئەوەندەی پێمکرابێت قسەمکردووە بۆچاککردن و بەرەوپێشبردنی، کەس نەڵێت ئێستە لەدەرەوەیت بۆیە ئەم قسانە دەکەیت، کە لەوێشبووم بۆ ئەو ئەتوار و نەزانینە قسەم کردووەو هەموو نزیکەکانم شایەدن کە سەدانجار چیم کردووەو چیم گوتووە، بەڵام قسەو کردار کاتێک جێ دەگرێ کە بەرامبەر لەزمانی عیلمەکە بگات. کە تێنەگەیشت قسەکردن زۆر سودی نییە!.

پێنجەم: زۆرینەی خەڵک کە پرسیار دەکەن، لەبارەی ئایندەی دەزگاکە، من پێموایە یەکێتی ئێستا خراپترین سەردەمی میدیایی بەسەردەبات، هەر دەستی بۆ نەبردایە باشتربوو، لە بێ میدیاییدا هەندێ میدیای دیکە هەندێجار یارمەتی حزبەکەیانداوە و جێی خۆشی گرتووە، گرنگترین کارێک کە لەم ماوەیەدا کرابێت، تەسلیمکردنی پارەی هەڵمەت و هەوڵەکەی جێگری سەرۆک وەزیران بوو بە کەناڵی “رووداو” بۆ ئەمەیان کارێکی باشی کردو دەستخۆشیی لێدەکەم، دیارە لەوە تێگەیشتووە کە میدیای حزبەکەی لەو ئاست و بەرپرسیارییەدا نەبوون، بۆیە ئەو بڕیارە گرنگەیدا.
باقی وەسەلام

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button