
لەکاتی چوونیان لە هەولێرەوە بۆ سعوودیە بەمەبەستی بەجێگەیاندنی عومرە لە نزیک نخێب، خێزانێکی کورد تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن بەهۆیەوە عومرەکارێک گیانی لەدەستدا و شەشی دیکەش برینداربوون.
کاروان ستونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، حەوت ئەندانی خێزانێک بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان ویستوویانە بچنە سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی عومرە، بەڵام لە نزیک نخێب لەگەڵ بارهەڵگرێک تووشی پێکدادان دەبن و بەهۆیەوە کەسێک گیان لەدەستدەدات و ئەوانی دیکەش بریندار دەبن.
گوتیشی حەوت کەسەکە دانیشتووی هەولێرن و خەڵکی ناحیەی پردێی کەرکووکن، شەشیان ئەندامی یەک خێزانن و ئەوەی دیکەش خاڵی خێزانەکەیە، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ئافرەتێکی تەمەنی 38 ساڵانە بەناوی خەولە خەلیل عوسمان.
گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان، ئاماژەشی بەوەکرد، تەرمەکە و بریندارەکان براون بۆ نەخۆشخانەی حوسێنییە لە کەربەلا، شۆفێری بارهەڵگرەکەش دەستگیرکراوە. وەک حەج و عەمرەی کوردستان لە هەوڵی ئاسانکاریداین بۆ ئەو خێزانە، ئەمشەو تەرمەکە دەگێڕێنینەوە بۆ خێزانەکەی.



