وتار

مەسرور بارزانى.. دیپلۆماسییەت و ئیدارەدانێکى سەرکەوتوو لە ناوچەیەکى ئاڵۆزدا

هەر رۆژەو لە ناوچەیەکى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا گرژى و ئاڵۆزى دێتە ئاراوە، لە هەموو لایەكەوە هەڕەشەی بەرپابوونی جەنگ هەیە، ئەوەش وای کردووە ئاشتى و سەقامگیرى ببێتە شمەكێكی گرانبەها و پڕبایەخ. لەنێو ئەو ململانێ قووڵ و گێژاوانەدا، دوورگەیەکى ئارام و متمانەپێکراو هەیە، ئەویش قەوارەی یاسایی و دەستووریی هەرێمى کوردستانە، توانیویەتى پشت بە ئیدارەدانێکى ژیرانە، سیاسەت و دیپلۆماسیى سەرکەوتوو ببەستێ و زۆر بەرپرسیارانە مامەڵڕەی هاوسەنگ بكات و خۆى لە کێشە و جەمسەربەندییەکان بەدوور بگرێت. 

توانیویەتی خاوەن پێگە و سەنگى متمانەپێکراو و ڕێزلێگیراوى خۆى بێت و پلان و بەرنامەى خۆى دابنێت؛ هەڵوێست و کاردانەوەکانى گەورەبەرپەرسانى ناوچەکە و جیهان سەبارەت بە کوردستان وەک ئەکتەرێکى بەهێز و کاریگەرى دەرەنجامى ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییە سەرکەوتووانەى پارتى دیموکراتى کوردستانە، بە ڕابەرایەتیى سەرۆک مەسعود بارزانى، وای کردووە کوردستان وەک دوورگەیەکى سەقامگیر و ئاشتى و جیاواز لە ناوچەکە بمێنێتەوە. 

سەردان و بانگهێشە فەرمییەکانى مەسرور بارزانى لەسەر ئاستى ناوچەکە و وڵاتانى عەرەبى و بەتایبەتى بۆ کۆمارى میسڕ، دیدار و کۆبوونەوەى گرنگ لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسى و گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتە و ئینجا سەردانى بۆ قەڵاى سەڵاحەدینى ئەیووبى لە قاهیرە و هەرەماكانم و مۆزەخانەكان، ئاماژەیەکى روون و سەرکەوتنى دیپلۆماسى و رووداوێکى پڕبایەخ و جێگەى هەڵوەستەکردن و پەیامێکى گرنگە لە ڕووى سیاسى، فەرهەنگى و پەیوەندییەکانى هەولێر و قاهیرە وەک مێژوو. 

یەکەم: ئەم سەردانە تەنیا لە چوارچێوەى رووداوێکى سیاسى و دیپلۆماسیی فەرمیدا نییە، بەڵکوو ڕیشەیەکى کۆنى مێژوویى و ئاماژەیەکى گرنگە بە پەیوەندیى قووڵى هاوبەشى مێژوویی کورد و میسڕییەکان، بەتایبەتى سەردانى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان بۆ قەڵاى سەرکردەى کورد سەڵاحەدینى ئەیووبى، شوێنەوارە گەورەکانى ئاماژەن بۆ نوێبوونەوەى پەیوەندییەکانى کورد و میسڕ دواى سەدان ساڵ. 

دووەم: ئەم سەردان و ڕووداوە گرنگە پێمان دەڵێ، کوردستان ڕەگوڕیشەیەکى مێژوویی پڕشانازیی هەیە و پەیامێکیشە بۆ ئەوانەى بە درێژایی مێژوو هەوڵى نکۆڵیکردن و سڕینەوەى کورد و کوردستانیان داوە، لە هەمان کاتیشدا ڕێزگرتنى تەواوە لە مێژووى هاوبەشى کورد و میراتى هاوبەشى لە ڕابردوو و ئێستاشدا. 

سێیەم: پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان تەنیا لە چوارچێوەى پەیوەندیى سیاسى و بەرژوەندییە ئابوورییەکان نین، بەڵکوو پەیامێکى فەرهەنگى و هاوبەشى هەردوو نەتەوەیە کە رۆژبەڕۆژ بەهێزتر و پتەوتر دەبێتەوە. 

چوارەم: ئەم بانگهێشت و سەردانە فەرمییە لەلایەن میسڕەوە بۆ کوردستان ئاماژەیە بە سەنگ و پێگەى گەلى کورد وەک ئەکتەرێکى گرنگ لە ناوچەکەدا و بەهێزبوونى پەیوەندییە ئابوورى و سیاسى و بازرگانییەکانە لەنێوان هەولێر و قاهیرە، هەروەها هەمانگیی هەردوو لایە لە ڕووى سەربازى و ئەمنى لەپێناو سەقامگیرى و ئارامیى عێراق و ناوچەکە بەگشتى. 

پێنجەم: سوودوەرگرتنى هەرێمى کوردستان لە ئەزموون و شارەزایی میسڕ لە بوارەکانى پێشکەوتنى ئابوورى و گەشەسەندن و وەبەرهێنان و بوارەکانى دیکە، هەروەها هەمانگی و هاوبەشیى هەولێر و قاهیرەیە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەى ئاستەنگى تیرۆر و ناسەقامگیرییەکان. 

شەشەم: ئەو جۆرە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ستراتیژییانەى کوردستان و میسڕ دەتوانێت بەرچاوڕوونیى زیاتر بۆ ئەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییانەى کە لە عێراق و ناوچەکەدان بێنێتە بەرچاو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان؛ هەروەها ئەم سەردانە مێژووییە دەرفەتێکى گونجاو دێنێتە ئاراوە لەپێناو پرۆژەى هاوبەشى لە بوارە جیاوازەکان، بەتایبەت بوارى وزە و کانزاکان. 

حەوتەم: ڕەخساندن و ئاسانکاریى زیاتر بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانى میسڕى تا لە کوردستان سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ و بەدەستهێنانى ئەزموونى زیاتر لە ڕووى گەشەسەندن، ئەم سیاسەتە هەمەچەشنە وا دەکات کوردستان زیاتر پشت بە خۆى ببەستێت، نەک تەنیا یەک سەرچاوەى داهات. 

ئەم سەردانە مێژوویی و ستراتیژییەى مەسرور بارزانى نەک هۆکارێکى گرنگە بۆ ناساندنى هەرێمى کوردستان وەک قەوارە و ئەکتەرێکى سەربەخۆ لە ڕووى سیاسى و ئابوورى، بەڵکوو زیندووکردنەوەى میراتێکى مێژوویى کوردە لەگەڵ وڵاتان و فەرهەنگە جیاوازەکان و بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ئینجا بەردەوامیى پابەندبوونى کوردستانە بۆ سەقامگیرى و ئاشتى لە ناوچەکەدا، بەتایبەتى نوێبوونەوەى پەیوەندییەکانى کوردستان و میسڕ لە ڕووى مێژوویى و کولتوورییەوە، ئەوەش ئاماژەیە كە ئەو جۆرە پەیوەندییە سیاسى و مێژووییانە دەبنە پردێکى بەهێز و متمانەپێكراو، وەک هێزێکى دیپلۆماسیى کاریگەر و دروستکردنى هاوسەنگى، هەروەها ڕۆڵى هەرێمى کوردستان وەک کارەکتەرێکى کاریگەر لە ناوچەکەدا پتەوتر و بەهێزتر دەکات.

رێبوار حەمەلاو شوانی

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button