
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، ڤیدیۆی دانپێدانانی دوو تۆمەتباری بڵاوکردەوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شووقەیەکی کەرکووک ئافرەتێکیان کوشتبوو.
ڕۆژی 30ـی 12ـی 2025، دوو کەس هەڵدەکوتنە سەر شووقەیەک لە شووقەکانی موسەلا لە شاری کەرکووک و ئادرەتێک بە چەقۆ دەکوژن، دوای چاودێریکردنی کامێراکان و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد هەردوو کەسەکە دەستگیر دەکرێن.
بەپێی ڕاگەیێنراوی پۆلیسی کەرکووک، تۆمەتبارەکان پێشتر لە گەڕەکی قادسییە دراوسێی قوربانییەکە بوون و پەیوەندیی نێوانیان وەک دراوسێی کۆن بەردەوام بووە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئاماژەی بەوە کردووە پێش ئەنجامدانی تاوانەکە، پەیوەندیی بە ژنەکەوە کردووە و داوای بڕێک پارەی لێ کردووە.
تۆمەتبارەکە دان بەوەشدا دەنێت، دواتر لەگەڵ هاوڕێکەی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و بە دوو چەقۆ ژنەکەیان کوشتووە و بەرەو گەڕەکی قادسییە هەڵاتوون.
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک لە 30ـی 12ـی 2025 بێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان، هەواڵی کوشتنەکەی ڕاگەیاندبوو.



