
دادگای سلێمانی سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو تۆمەتبارە دەرکرد کە ساڵی ڕابردوو هاووڵاتی (ئومێد عەلی موستەفا)ی کوشت و تەرمەکەی لەنێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەیدا جێهێشت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکان، بکوژەکە لەبەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ڕایگەیاندووە: “بەهۆی دۆڕاندنی بڕێکی زۆر پارە لە قوماردا و بۆ دانەوەی قەرزەکانم، ویستوومە ئۆتۆمبێلە تەکسییەکەی ئومێد عەلی بدزم و بیفرۆشم.”
ساڵی ڕابردوو تەرمی ئومێد عەلی لەنێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەیدا لەسەر ڕێگای عەربەت – سلێمانی دۆزرایەوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە ناوەندەکاندا لێکەوتەوە.
ڕۆژی چوار شەممە، 11ـی 12ـی 2024، تەرمی هاووڵاتییەک بە ناوی ئومێد عەلی مستەفا، لە ناو ئوتۆمبێلەکەی خۆیدا، لەسەر ڕێگەی (عەربەت – سلێمانی) دۆزرایەوە و هەر ئەو کات هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن.
دوای ڕووداوەکە کەسوکاری ئومێد عەلی ڕایانگەیاند؛ “کوڕەکەیان هیچ کێشەیەکی نەبووە و کەسێکی بێوەی بووە”.
ڕۆژی هەینی 13-12-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتباران و بە کەمتر لە 48 کاتژمێر، “دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ی، ک، ن) تەمەن 22 ساڵ و هاوکاری بکوژ بە ناوی (ز، ج، ح) تەمەن 31 ساڵ لە سلێمانی دەستگیر کران”.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی ئاسایش، “دوای دەستگیرکردن و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان، تۆمەتباران دانی بە تاوانەکەیدا ناوە؛ دەرکەوت تۆمەتباری سەرەکی بە چەکی جۆری دەمانچە بە چوار گولـلە لە نزیک گوندی (گڵەزەردە) هاووڵاتییەکە دەکوژێت و دواتر تەرمەکە دەکاتە نێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکە و لەسەر ڕێگەی (سلێمانی – عەربەت) ئۆتۆمبێلەکە بەجێدەهێڵن و هەڵدێن”.
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بە هۆکار و پاڵنەری تاوانەکە نەکردووە و ڕایگەیاندووە، هەردوو تۆمەتبارەکە بە گوێرەی مادەی 406ـی تایبەت بە کوشتن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.



