
بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست پێ بکەن و شاندی هەردوولا کۆ دەبنەوە.
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بێ ئەنجام لە ساڵی 2025دا، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی دابەشکردنی پۆستەکان و تێڕوانینی پارتەکان بۆ شێوازی پێکهێنانی کابینەکە، پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەکانیان دەست پێ دەکەنەوە؛ ئەوەش بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنن.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند: “بڕیارە لە نێوان ڕۆژانی چوارشەممە یان پێنجشەممە، شاندی پارتی و یەکێتی کۆ ببنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە کە لە پیرمام دەبێت یان سلێمانی؛ هاوکات شاندی هەردوولا هەمان شاندی دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان دەبن.”
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند: “دوای ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە کە پارتی پشتگیریی کاندیدی یەکێتی بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق.”
دوایین جار لە 16-12-2025دا، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری لە پیرمام پێشوازیی لە شاندی یەکێتی کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا؛ بڕیاریان دا بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا پێکهێنانی حکومەت ڕابگەیەنن.



