
تیمەکانی چاودێریی بازرگانیی هەولێر لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دەستیان بەسەر 22 تۆن کاڵای ماوەبەسەرچوودا گرتووە و هەشت شوێنی بازرگانیشیان داخستووە.
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند: لە مانگی 1ـی ساڵی 2026ـدا 1,020 سەردانی مەیدانییمان ئەنجامداوە؛ هەر بازرگانێک نرخەکان بە نایاسایی بەرز بکاتەوە یان کاڵای خراپ بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
لە ئەنجامی بەسەرکردنەوە چڕەکانی تیمەکانی چاودێریی کە زۆرترینیان لە مارکێتەکان بوون، توانراوە 82 سزا بۆ سەرپێچیکاران تۆمار بکرێت و بڕی زیاتر لە 25 ملیۆن دینار غەرامە بۆ گەنجینەی دەوڵەت وەربگیرێتەوە.
٠کارەکانی ئەم لیژنانە لەسەر چوار میحوەر چڕ بوونەتەوە کە بریتین لە ڕێگریکردن لە قۆرخکاریی، کۆنتڕۆڵکردنی ماددە ماوەبەسەرچووەکان، چاودێریی کوالێتیی و بەرەنگاربوونەوەی گرانفرۆشیی.
ئەم ڕێکارانە دوای ئەوە دێن کە حکومەتی فیدراڵیی ئاسانکاریی بۆ هاوردەکردن کردووە، بۆیە لایەنی پەیوەندیدار دەیەوێت دڵنیابێتەوە کە ئەم کرانەوەیە نابێتە هۆی ساغکردنەوەی کەلوپەلی بێ کوالێتیی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.



