ڕاپۆرتکوردستان

ئەنجومەنی وەزیران کەیسی دامەزراندنی هەڵگیرانی بڕوانامەی باڵا دەنێرێتە ئەنجومەنی گشتیی راژە

دوای ئەوەی ڕۆژی ٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢،  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا کە بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ئاڕاستەی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە بکرێت، تا بەپێی تایبەتمەندیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندییدارەکان، پۆڵێنی هەردوو بابەتەکە بکەن، ڕۆژى یەکشەممە ١١ـی ئەیلولی ٢٠٢٢، سیراج بارزانی، سەرۆکى ئەنجومەنى گشتیی ڕاژە، پێشوازی لە نوێنەرانیی ژمارەیەک هەڵگرى بروانامەى ماستەر و دکتۆرا کرد

سەرۆکى ئەنجومەنى گشتیی ڕاژە، دڵنیایى دا بە ئامادەبووان کە بابەتى هەڵگرانى بروانامەى ماستەر و دکتۆرا لەلایەن ئەنجومەنى گشتیی ڕاژەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا لەسەر بنەماى زانستى، پێداویستى و پسپۆرىیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.

سەرهەد شێخە، یەکێکبوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە جوگرافیای سیاسی، ڕایگەیاند: وەکو نوێنەری هەڵگرانی ماستەر و دکتۆرا لەسەرجەم شارەکانی کوردستان هاتین سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەمان کرد، ئەمە دوای ئەوە هات کە هەفتەی ڕابردوو، ئەنجومەنی وەزیران کەیسی دامەزراندنی هەڵگرانی ماستەر و دکتۆرای سپارد بەم ئەنجومەنە.

سەرهەد شێخە، ئەوەشی گوت: ئومێد دەکەین کە ئەم دامەزراندنەی ئێمە بە پرۆسەیەکی خێرا دا بڕوات، چونکە بە ڕاستی ئێمە زۆر دەمێکە چاوەڕێی ئەم دامەزراندنە دەکەین، بەشێوەیەکی خێرا و دادگەرانە بە ئەنجام بگەیێندرێت، هەروەها لەسەردەمی کابینەی نۆیەمدا کە بە کابینەی بڕیارە قورسەکان ناسراوە ئەو کەیسەی ئێمەش لەسەردەمی  ئەو کابینەیەدا و بەو تەمەنە کورتەی کە ماویەتی بڕیاری لێ بدرێت.

سەروەر ئەبوبەکر، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە کیمیای خۆراک یەکێکی دیکەبوو لە  بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، ئەوەی خستەڕوو: توانیمان گفتوگۆیەکی تێر و تەسەل بکەین لەسەر پرۆسەی دامەزراندنمان کە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ئاڕاستەی ئەنجومەنی ڕاژە کراوە.

سەروەر ئەبوبەکر، ئەوەشی گوت: لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە دەکرێت و دەیانەوێت نەخشەڕێگایەک دابنێن کە بابەتەکە بە چ میکانیزمێک بکرێت و لەسەر بنەمای دادگەریی و یەکسانی هەمووان لەم پرۆسەی دامەزراندنەدا مافیان مسۆگەر بێت.

گوتیشی: هیواخوازین حکومەت لەم پرۆسەیە دا هاوکاربێت و  دامودەزگاکانی دیکەش هاوکاری ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە بکەن و ئێمە ژمارەمان ٨٤٥ کەسە، بەشێكمان نوێنەرایەتیی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان دەکەین.

کەیسی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە کراوە و بەپێی تایبەتمەندیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندییدارەکان، پۆڵێن بۆ بابەتەکان دەکرێت.  

لێنزنیوز – هەولێر

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button