کۆماندۆی کوردستان ئەمڕۆ سێ سەممە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، لە ڕوونکردنەوەکاد هاتووە: “دوو بەرپرس” بە نایاسایی و بە ئۆتۆمبێلی پڕ چەک و جام ڕەشەوە سەردانی مەرزی پەروێزخانیان کرد و دوای گەڕانەوە قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ ھێزەکەمان ھەڵبەست”
لە روونکردنەوەکەی “کۆماندۆی کوردستان”، هاتووە “ئێوارەی دوێنی ھەریەکە لە ڕزگار محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەبێ ھیچ نوسراوێکی فەرمی حکومەت و پەرلەمان و بەبێ ڕەزامەندی بەڕێوبەرایەتی مەرزی پەروێزخان ڕۆشتبونە نێو مەرزەکە، لەکاتی گەڕانەوەیان بە بازگەیەکی ھێزەکەمان لە نزیک مەرزی پەروێزخان تێپەڕیبوون کە ئەو ڕێگایە پێشتر کاری قاچاخی تێدا دەکرا لەلایەن کۆمەڵێک بەرپرسی حکومی و حزبیەوە.”
لە دڕێژەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە “دواتر لەلایەن کارمەندانی بازگەکەوە بەوپەڕی ڕێزەوە داوای خۆناساندن لە ھەردوو ناوبراو کرا، لە وەڵامدا ڕزگار محەمەد بەکارمەندانی بازگەکەی ڕاگەیاندبوو، کە ئەو پەرلەمانتارە و حەسانەی ھەیە و ھیچ کەسێک بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات لەکاتێکدا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لەچەک و جام تاریکبوون ئەمیش لەخۆیدا پێچەوانەی یاسایە، لەکاتی ئەم گفتوگۆیانەدا پاسەوانەکانی ھەردوو ناوبراو بەچەکەوە دابەزیبوون و بەچوار دەوری بازگەکە بڵاوەیان کردبوو و میلی چەکیان بەڕووی ھێزەکەمان ھێنابویەوە ! دواتر لەلایەن بەرپرسی بازگەکە کێشەکە چارەسەر کرا و میوانداری ئەو دوو بەڕێزەو پاسەوانەکانیان کرا و ھەر لەوێ و کۆتایی بەکێشەکە ھێنرا”
لە ڕوونکردنەوەکەی “کۆماندۆی کوردستان” ئەو دوو ئەندامەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی بە گێرەشێوێن تۆمەتبارکراون و دەڵێت “بەداخەوە دوای گەیشتنیان بەشاری سلێمانی ھەڵوێستی ئەوان گۆڕا و لەڕێگەی کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆمەڵێ قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ ھێزەکەمان ھەڵبەست لەکاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردبوو، ئامانجشیان ڕوونە کە بۆ کاری گێرەشێوێنی بووە”
لە ڕوونکردنەوەکەی هێزەکانی ” کۆماندۆی کوردستان، ئاماژە بە دواین بڕیارەکانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لە دوو سەردانی بۆ شاری سلێمانی چەند بڕیار و ڕێنمای نوێێ بۆ کێشە و گرفتەکانی دەزگا میرییەکانی پارێزگای سلێمانی دەرکرد.
لەم بارەیەوە لە ڕوونکردنەوەدا هاتووە “ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لەو بازگەیە جێگیرکراون بۆ بنبڕکردنی کاری قاچاخ و نایاسایی بۆیە ھەر کەسێک و ھەر لایەنێک بەو بازگەیەدا تێپەڕ بێت دەبێت پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکرێت”
پەورەر خۆشناو – هەولێر