بەرپرسی چاودێریی دەرمانخانەکانی بازاڕی هەولێر لە دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆری رایدەگەیەنێت، لە ساڵی نوێدا لەزگەی دەرمان بە تایبەتمەندیی باشتر چاپ دەکەن کە بارکۆدی لەسەر دەبێت و “نرخی دەرمانیش بە سیستمێکی نوێ لەڕێگەی داتابەیسەوە کۆنترۆڵ دەکرێت”.
د. محەممەد رەشید، بەرپرسی چاودێریی دەرمانخانەکانی بازاڕی هەولێر لە دامەزراوەی کۆنترۆڵی راگەیاند، “بۆ ساڵی نوێ لەزگەی دەرمان بارکۆدی لەسەر دەبێت و نەخۆش دەتوانێت تەواوی زانیارییەکانی لەسەر دەرمانەکە دەست بکەوێت و لەگەڵیشیدا نرخی دەرمانەکە کۆنترۆڵ دەکرێت.”
بەرپرسی چاودێریی دەرمانخانەکانی بازاڕی هەولێر روونی دەکاتەوە، ئەو دەرمانەی دەخرێتە بازاڕەوە، تەنیا ژمارە و جۆرەکەی لە دەرمانخانەکان دەخرێتە داتابەیسی فرۆشتنەوە، داتابەیسی دەرمانخانەکان بە کوالێتیی کۆنترۆڵەوە پەیوەست دەکرێت، بەمەش نرخی دەرمانێکی دیاریکراو لە هەموو دەرمانخانەکاندا وەکو یەک دەبێت.
بەپیی داتاکانی ئەو دامەزراوەیە، لە شەش مانگی رابردوودا سەردانی 167 کۆمپانیایان کردووە کە 52ـیان سەرپێچییان کردووە، کە بەشێک لەو سەرپێچییانە بریتیبووە لە بەکارنەهێنانی لەزگە. لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا؛ دەست بەسەر نزیکەی 10 تۆن دەرماندا گیراوە، “هەر کۆمپانیایەک لەزگە بەکارنەهێنێت، بۆ ماوەیەک دادەخرێت و بە پارەش سزا دەدرێت و هەموو چالاکییەکانی رادەگیرێن، ئەگەر دووبارەیشی بکاتەوە دەدرێتە دادگا”.
دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لەڕێگەری تیمەکانییەوە کە ئەرکیان چاودێریکردنی دەرمانە لە بازاڕ و بازگەکاندا، ڕۆژانە پشکنین بۆ دەرمانخانەکان و کۆگاکانی دەرمان دەکەن، د. محەممەد رەشید لەوبارەیەوە دەڵێت: لەڕێگەی ئۆنلاینەوە چاودێریی دەستگێڕەکان دەکەین و کۆنترۆڵی دەکەین، “بەهاوکاریی ئاسایش، توانیومانە چەندین قاچاخچی دەستگیر بکەین.”
بەرپرسی چاودێریی دەرمانخانەکانی بازاڕی هەولێر، لەبارەی قاچاخچییەتی دەرمانەوە دەڵێت: لەماوەی کارکردنماندا لە دوو ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا رێژەی قاچاخیی دەرمان زۆر کەمبووەتەوە و ئێستا لە نزمترین ئاستیدایە، “لەماوەی رابردوودا دەستبەسەر نزیکەی دوو تۆن دەرمانی قاچاخدا گیراوە”.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوەش کردەوە: لەبەر ئەوەی رێکارەکانیان زۆر تووندن، رێژەی دەرمانی قاچاخ لە دەرمانخانەکاندا زۆر کەمە. پێشتر نزیکەی 15%ـی دەرمانی دەرمانخانەکان قاچاخ بووە، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە زۆر کەم بووەتەوە.