بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبیی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعشەوە کرا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و سەروەریی یاسا تاووتوێکران.
سەرۆکی یەکێتی، دەستخۆشی و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەد، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەماھەنگی و ھاریکاری ھەواڵگری و سەربازی لەنێوان ھەرێم و عێراق دا و گوتی “ئەرکی ئێوەیە لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە ھاوکار بن و ھاوشانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە هەوڵدابن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر، بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە”.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوای لە ئەفسەرانی دژەتیرۆر کرد، بە هەمان رۆحییەت و هەڵوێستی نیشتمانییانەی خۆیانەوە، بەردەوام بن لە ئەرکەکانیان بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان.