کوردستانهەواڵ

پارێزگاری هەولێر: زەویی بۆ یەکەکانی کرێنشینان دابینکرا

دواى بڕیارى سەرۆكی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ دروستکردنى 20 ھەزار یەکەى نیشتەجێبوون بە پاڵپشتیی حکومەت بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، لە هەولێر زەویی پێویستی بۆ دابینکرا

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت: لە هەولێر زەوی بۆ یەکەکان دابینكراوە، ئێمەش ئامادەین و لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لە گفتوگۆ داین، ژمارەیەك وەبەرهێنەری باشیش پڕۆژەی خۆیان پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی هەم بە قیستێكی درێژخایەن و هەمیش بە كەمترین نرخ ئەو یەکانە بدرێت بەوانەی شایستەن.

پارێزگاری هه‌ولێر، گوتیشی: كارەكانی یەکەکان بە باشی دەڕوات، لە هەولێر دوو شوێنی زۆر گرنگ و شایستە بۆ دروستكردنیان دیاریکراوە، کە دەكەوێتە نێوانی شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری.

ئاماژەوەی بەوەشکرد:دەبێت كوالێتیی یەکەکان زۆر باش بێت، چونكە سەرۆكی حكومەت جەختی لەسەر سێ شت کردووەتەوە؛كوالێتییەكی باش، نرخێكی گونجاو، قیستێكی درێژخایەن.

سەبارەت بە راگەیاندنی تیروپشك بۆ ئەو كەسانەی فۆڕمیان پڕكردووەتەوە، پارێزگارى هەولێر گوتی: كە لەگەڵ وەبەرهێنەرەكان گەیشتینە رێككەوتن و راگەیاندرا، ئەوكات پڕۆسەی تیروپشك بۆ ناوی ئەو كەسانە دەكرێت، كە فۆڕمیان پێشكەشكردووە، بەڵام بەر لەوە، لیژنه‌یه‌كی باڵا و پسپۆر بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌كان پێكهێنراوه،‌ به‌جۆرێك دوای وردبینیەکی زۆر بۆ ئه‌و ناوانه‌ی‌ شایستەن، به‌چاودێریی داواكاریی گشتیی پرۆسه‌ی تیروپشك بۆ كرێنشینه‌كان به‌رێوه‌ده‌چێت.

بۆ دروستکردنى ئەو یەكانە لە هەولێر بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان، 16 وەبەرهێنەر داوایان كردووە دروستی بكەن. رووبەری یەکەکان 80 مەتری و 100 مەتری و 120 مەتریی دەبن، وەکو نرخی خەمڵاندنیش یەکەکان بۆ هاووڵاتییان، هەر مەترێک لەنێوان 250 بۆ 300 دۆلار دەبێ، قیستەکانیش بەماوەى 12 بۆ 15ساڵ دەدرێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button