کەمێک پێش ئێستا، لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر، دەنگی تەقەکی زۆر بیستراوە و بەپێی زانیارییەکان “شەرە تەقە ڕوویداوە و چەکی قوورسیش بەکارهێندراوە”.
بەپێی زانیاریی شایەتحاڵەکان کە بە لێنزنیوزیان ڕاگەیاند، شەرە تەقەکە لەنێوان دوو بنەماڵەی هەرکیی بووە، یەکێک لە بنەماڵە هەرکییەکان، لە خۆشیی تۆڵەکردنەوەیان لە بنەماڵەکەی دیکە کە پێشتر خوێن لەنێوانیان بووە، تەقەیەکی زۆریان کردووە و “دەنگەکە بۆ ماوەی ١٥ خولەک بەردەوامی هەبووە و چەکی قوورسیش تەقێندراوە”.
لەبارەی ئەو ڕووداوەوە، کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە لێنزنیوزی ڕاگەیاند: چەند کەسێک تەقەکانیان کردووە و هێزە ئەمنییەکان دۆخەکەیان کۆنترۆلکردووە “ھەرکەسێک ئەو کارەی کردبێت، رووبەڕووی سزای یاسایی دەکەینەوە”.
قەزای خەبات، دەکەوێتە سەر رووباری زێی گەورە و سەر بە پارێزگای هەولێرە… لەماوەکانی ڕابردوو چەندینجار شەرەتەقە لەو قەزایە ڕوویداوە و کەمتر لە مانگێک دەبێت، ڕووداوێکی هاوشێوە ڕوویدا و بووە هۆی کۆژرانی دوو کەس و برینداربوونی سێی دیکە. هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆش بەردەوامن بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی چەکهەڵگرتن و داماڵینی چەک لە هاووڵاتیی ئاسایی.
لێنزنیوز – هەولێر