وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەشداریکردنی خوێندکارانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی یەکەم ساڵیانە و بەشداریی تاقیکردنەوەیان کردووە و دەرنەچوونە، گشتاندنێکی بڵاوکردەوە. “ئەو خوێندکارەی ساڵی رابردوو گزیی کردبێت، ناتوانێت بەشێوەی دەرەکیی راستەوخۆ، بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ بکات”.
لە گشتاندنەکەدا هاتووە: ئەو خوێندکارانەی لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ یەکەم ساڵی بووە لە پۆلی ١٢ـی ئامادەیی و مافی بەشداریکردنی وەرگرتووە بەڵام دەرنەچووە، مافی دەرکیی ڕاستەوخۆی دەبێت، ئەویش تەنها بۆ ئەمساڵی خوێندن، لە ساڵی داهاتووەوە ئەو بڕیارە نامێنێت و دەرەکیی راستەوخۆ کاری پی ناکرێت.
وەزارەتی پەروەردە، ئەوەشی باس کردووە: لە ساڵی داهاتوو، خوێندکار مافی بەشداریکردنی لە تاقیکردنەوەی دەرەکیی دەبێت، بەڵام دەبێ ئەو خوێندکارە تاقیکردنەوەی بەرایی ئەنجامبدات.
لەبارەی ئەو خوێندکارانەی کە لە ساڵی رابردووی گزیی (غەش)ـیان ئەنجامداوە، وەزارەتی پەروەردە دەلێت: لەم ساڵی خوێندن ٢٠٢٢-٢٠٢٣ ئەو خوێندکارە مافی دەرەکیی راستەوخۆی نابێت.
ئەو گشتاندنەی وەزارەتی پەروەردە، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان و خوێندی کوردی لە کەرکووک کراوە و لەمڕۆوە کاری پێ دەکرێت.