کفنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاوریشمە
هەڵۆ محەممەد
“بە هێمنی چاودێری بكەن و پێگەمان بەهێز بكەن و بە هێمنی ڕووبەڕووی ڕووداوەكان ببنەوە، تواناكانمان بشارنەوە، چاوەڕێی كاتی گونجاو بكەن، تواناكان كەمتر لەوەی هەیە پیشان بدەن و هەرگیز بانگەشەی سەركردایەتی مەكەن” ئەم فەلسەفە، یان دۆكتەرینەی ( دێنگ سیاوپێنگ) بە لایەنی كەمەوە لە بواری ئابووریدا كاری خۆی كرد. چین بە هێمنانە بە بێ هاشوهوشی سیاسی هەر لە كۆتایی حەفتاكانەوە خەریكی ڕیفۆرمی ئابووری بوو. زۆریش باس لەوە دەكرێت كە لەوەتەی ئەم سەرۆكەی ئێستای چین دەسەڵاتی گرتۆتە دەست لەو فەلسەفەیە لایداوە و زیاتر و زۆرتر توانا ئابوورییەكانی خۆی دەخاتەڕوو. دەستپێشخەری، یان پڕۆژەی پشتێن و ڕێگا تەنیا یەكێكە لە هەوڵەكانی چین بۆ گێڕانی ڕۆڵی گەورەتر لە داهاتوودا. لە ١٣-٥-٢٠١٧ چین لە ڕێگایی کونسوڵخانەکانیەوە داوەتی ٨٥٠ میوانی بیانی کرد کە زۆربەیان سەرۆکی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا و گەورە سەرمایەدارەکان بوون کە لە ١٣٠ وڵاتەوە هاتبوون جگەلەوەش ٧٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی داوەتکرابوون، چین ئەم داوەتییەی بۆ دووبارە ناساندنەوەی هێڵی ئاوریشم کرد.
سەرۆکی چین( شی جین پینگ) بەنیازە ئاسیا و ئەوروپا بەشێک لە ئەفریقیا لە ڕێگایی وشکانیەوە بە هێڵی ئاسنەوە ببەستێت بەیەکەوە، جگە لەوەش لەڕێگایی بونیاتنانی بەندەری گەورەی هاوشێوەی فاو ڕێگایی دەریاش زیندوو بکاتەوە. پلانەکەی چین ساڵی ٢٠١٣ گەڵاڵە بوو لەو کاتەوە هاوکاری چەند وڵاتێکی کردوە لە بوونیات نانی ژێرخانی ئابووری وەک پرۆژەی هێڵی ئاسنین و ڕێگاوبان وێستگەی کارەبا پاڵاوگەی نەوت بەشێک لە وڵاتەکان هەریەکە لە تاجیکستان، تایلەند، قێرغیزستان، عێراق، جگەلەوەش پلانی هەیە شاری (دالیان) ببەستێتە بەندەری وڵاتانەوە. لەو کۆربەندە ئابوریەدا وانگ هو چین، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری شاری دالیان گوتی “لە رێگەی هێڵی ئاسن و رێگای خێرا، ئێمە شارەکانی دالیان و لیاونینگ لەرێگەی مۆنگۆلیا و رووسیا دەبەستینەوە بە ئەوروپا هەموو ئەم رێگانە دەبنە رێڕەوی گرینگی بازرگانی جیهان. دالیان حەڵقەیەکی گرینگی پرۆژەی (یەک پشتێنە-یەک رێگا) یە” بەڵام تۆم میلەر، راوێژکاری کۆمپانیای گاڤەکال کە کۆپانیاییەکی گەورەیە کار لە وەبەرهێنان و بەبازاڕکردن دەکات و ساڵی ١٩٩٧ دامەزراوە، رەخنە لەو پرۆژەیە دەگرێت و گوتی “ئەوەی کە چین بەتەمایە ئەنجامی بدات دروستکردنی تۆڕێکی لە یەک ئاڵاوی نێودەوڵەتییە.
کەواتە چین دەیەوێت بە وڵاتانی دیکە بڵێت، چاو لێبکەن، ئێوە ڕێگاوبانتان نییە، پردتان نییە، هێڵی ئاسنتان نییە، وێستگەی گازتان نیە، تۆڕەکانی کارەباتان نییە. وەرن ئەو شتانەتان بۆ دامەزرێنین. ئەمەش ئەنجامەکەی دیارە ، هەموو ئەو وڵاتانە دواجار لەڕووی ئابوورییەوە گرێدەدرێنەوە بە چین کە کاریگەری جیۆسیاسیشی بەدواوە دێت. هەر لەوکاتەوە ئەمریکا کەوتە خۆی چونکە روسیا و ئێران هاوڕابوون لەگەڵ چین و پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆژەکە دەربەڕی، بۆیە ئەمریکا دوای ٢٠ ساڵ ئەڤغانستانی جێهێشت و تاڵیبانی زیندوو کردوە لە کاتی دەرچوونیدا ٥٠ هەزار هەمەڕ و زڕێپۆش و ٤٠ فرۆکەی شەڕکەر و هەزاران چەکی M4 , M16 لەگەڵ قەناسی جۆری M24 بۆ تاڵیبان بە جێهێشت. لە نێوان ئێران و روسیا و چیندا بۆمبێکی تەوقیتکراوی دانا. ئەمریکا بۆیە ئەو کارەی کرد تاکوو ساڵەکانی ١٩٨٠ ئەڤغانستان بەشەک بوون لە خاکی سۆڤێتی کۆن و هەر ئەوکاتە بە هاوکاری کردنی تاڵیبان ڕووسیایی وەدەرنا، چین ئەمریکایی ناچار کرد لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کە هەزارن کۆچبەری ئەڤغانی تێدایە لەگەڵ تاڵیبان ڕێک بکەوێت، لە پێناوی پەکخستنی پرۆژەی هێڵی ئاوریشمی چین کە ئابووری ئەمریکا دەخاتە مەترسیەوە. جگەلەوەش شەری نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیایی هەڵگیراساند، هەموو هاوکاریەکی ئۆکرانیاش دەکات کە شەڕ دژی ڕووسیا دەکات، هەموو ئەندامانی ناتۆشی هاوڕای خۆیکردوە کە روسیا داگیرکەرە و دەبێت سنورێکی بۆ دابنرێت، چونکە ڕووسیا دوای جەنگی سارد جارێکی دیکە بووەتەوە خاوەن هێز و دەسەڵات بۆیە دەشتوانێت پشتیوانی چین بکات.
چین بۆچی هێلی ئاوریشمی زیندوو دەکاتەوە؟ وڵامەکەی ئاسانە هێڵی ئاوریشمی پشت بەوشکانی دەبەستێت تارڕادەیەک پشت دەکاتە ڕێگایی دەریا و ئاسمانی چونکە تێچوی گواستنەوە لە ئاو ئاسمانەوە گرانتر دەکەوێت . ئێستا شەمەندەفەرەکانی چین لە وڵاتانی کازاخستان، ڕووسیا، بیلاروس، پۆڵۆنیا، ئەڵمانیا، بەلجیکا و فڕەنسا تێدەپەڕێت و دواجار دەچێتە بەریتانیا. رێگاکە بە رێگای نوێی ئاوریشم ناسراوە. چین خاوەنی ٣٩ هێڵی شەمەندەفەر ١٦ شاری چین بە ١٢ شاری ئەورووپا گرێ دەدات. شەمەندەفەرە چینییەکان، لە ئەڵمانیا گۆشت هاوردەدەکەن، لە رووسیا دار و لە فەرەنساش شەراب دەهێننە چین قەبارەی هەناردەی بازرگانی چین دەگاتە سەرووی دوو تریلیۆن و ٢٧٠ ملیار دۆلار.
لەم سڵانەی دوایدا چین بڕیاریدا هاوکاری عێراق بکات بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنین بۆ ئەوەی فاو ببەستێتە بە ئەنقەرە و ئەوروپاوە، بەو مەرجەی عێراق پەلە بکات لە تەواوکردنی پرۆژەی بەندەری جیهانی فاو چ لە دابینکردنی بوجە چ لە دابینکردنی ئەمینەت و پاراستنی ئەندازیارە بیانیەکان، چونکە بەرێوەبەری کۆمپانیایی جێبەجێکاری پرۆژەی فاو لە رووداوێکی تەموو مژاویدا لە ژورەکەی خۆیدا بەهەڵواسراوی دۆزرایەوە، بەهۆی بەندەری گەورەی فاو عێراق دەبێتە وێستگەی سەرەکی لە پڕۆژەی رێگەی نوێی ئاوریشم بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپا، چونکە بەندەری فاو و هێڵی شەمەندەفەری عێراق-تورکیا کەلوپەلەکان لە چین، هیندستان، ئوسترالیا بە 25 رۆژ خێراتر و بە نیوەی ئەو تێچووەی کە ئێستا هەیە دەگوازنەوە بۆ تورکیا و دواتر بۆ باکووری ئەوروپا. بۆیە دەگوترێت بەندەری فاو دەبێتە جێگرەوەی نۆکەندی سوێس لە میسر. دوابەدوای ئەوە سەرۆک وەزیران خۆی سەردانی فاویکرد هەروەها کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنانی ڕاگەیاند” بۆ ئەوەی (بەسرە – فاو – کوت – بەغدا – بەعقووبە – کەرکووک – هەولێر – موسڵ – دهۆك – زاخۆ) لەگەڵ هێڵی (بەغدا – کەرکووک – هەولێر – موسڵ – دهۆک – زاخۆ). بەهێڵی ئاسنین ببەستن بەیەکەوە، لەم دوایەشدا وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند پرۆژەی هێڵی ئاسنینی لەنێوان شارەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و بەستنەوەیان بە وڵاتانی درواسێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هێڵی ئاوریشمی ٧ ڕێگایی هەیە ڕێگاکان خۆرهەڵات و خۆرئاوای ئاسیا دەبەستێتەوە بە ئەوروپا و ئەفریقا، وە یەکێک لە هێڵەکان بە نێو پارێزگای سلێمانیدا دەڕوات کە ڕێگایی وشکانیە و هێڵێکی دیکەشی بە نێوو خاکی عێراقدا تێدەپەرێت لە ڕێگایی بەندەری فاوەوە کە ئێستا پرۆژەکە لە کۆتایی تەواو بونیدایە بە گوژمەی 2 ملیار و 625 ملیۆن دۆلار، بۆیە چارەنسوسی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتۆتە دەستی چاو بچووکە چینیەکانەوە، دوورنیە کفنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاوریشم دروستبکرێت لە داری رووسی تابوتەکەی دروستبکرێت ، ئاخونێک تەڵقینی بخوێنێت، بەو پێیەی ئەمریکا لە هەرکوێ بەرژەوندیەکانی بکەوێتە مەترسیەوە بێ دوودڵی ئەو جێگایە بەجۆرێک خەڵتانی خوێن دەکات، مێژوونوس شەرم لە نوسینی ڕووداوەکە بکات.