بڕیار بوو سەرەتای ئەم مانگە، سێیەم کۆبوونەوەی سەرکردە و کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەبارەی چۆنیەتی کاراکردنی کۆمیسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا… “لایەنەکان، لەسەر کۆمەڵێک بابەت لەبارەی کۆمیسیۆن و چۆنیەتیی کاراکردنەوەی ناکۆکن”.
هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە 06-11-2022، ماوەی یاسایی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان کۆتایی دێت، ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن و بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەدەن، هاوشێوەی عێراق؛ هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە بۆشایی یاسایی و حکومەتیش دەبێتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر.
لەبارەی سیستمیی نوێی هەڵبژاردن، ڕێککەوتن نەکراوە
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دەدات، ئەوان لەسەر چەند خاڵێک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆکن و رێککەوتوون، هەروەها لەسەر یەکدوو خاڵیش هێشتا ناکۆکی لەسەرە. ئەوەشی ئاشکراکرد: لەسەر بابەتی ئامار، تۆماری دەنگدەران، پێکهاتەی کۆمیسیۆن رێککەوتووین، بەڵام ئەو خاڵانەی کە هێشتا ماوە زیاتر مەسەلەی بازنەکانە، تاراددەیەکیش لەسەر کۆتاکانیش گەیشتووینەتە جۆرێک لە رێککەوتن، هەموومان کۆکبووین لەسەر ئەوەی بابەتی کۆتاکان، ژمارەیان و بازنەکانیان بۆ خوودی حیزبەکانی خاوەنکۆتاکان بەجێ بهێڵین و ئەوانەی لەنێو پەرلەمانن و ئەوانەشی لە دەرەوەی پەرلەمانن.
سەبارەت بە پرسی بازنەکان، بە گوتەی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، لەو دانیشتنە دوو لایەنە و چەند لایەنانەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردوویانە، هەر لە بنچینەوە دژی ئەوەبووین دەست بۆ هەمواری یاسا ببرێت… “دەبوو لەماوەی چوار ساڵی رابردوو ئەو لایەنانەی کە دەیانویست یاساکە هەموار بکەن و رەشنووسێکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبا بۆ ئەوەی یاساکە هەموارکرابووایەوە بەو شێوەیەی کە پەرلەمان دەنگی بۆی دەدا”.
بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، کات نەماوە!
بە بڕوای خەسرۆ گۆران، کاتی پێویست بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەماوە و دەڵێت “ئەوانەی دەیانەوێت ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە، دوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کە (1ـی 10)ـی دیاریکردووە، راستەوخۆ دەستیانکرد بە هێنانی خواست و ویست بۆ گۆڕینی کۆمیسیۆن و پرسی کۆتاکان و بازنەکان. بەڵام کات نەماوە، چونکە کۆمیسیۆن دەڵێت “شەش مانگی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵبژاردن ئەنجامبدات”.
پارتی، لەگەڵ هەڵبژاردنی یەک بازنەییە
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی پێیوایە، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن “کێشەیەکی گەورەیە، چەندین بڕگە لەخۆدەگرێت و رێککەوتنی دەوێت”. ئەوەشی گوت: لە بنچینەوە لەگەڵ ئەوە نەبووینە لە یەک بازنەییەوە بگۆڕدرێت بۆ فرە بازنەیی، ئێستاش لەگەڵ ئەوەین یەک بازنە بێت.
خەسرۆ گۆران، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان ئێستا لەگەڵ ئەوە نین دەست بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن ببرێت، بەڵام دوای ئەو هەڵبژاردنە “لە چوار ساڵی خولی داهاتووی پەرلەمان، زۆر ئاساییە هەر لایەنێک پێشنیاز پێشکەشی پەرلەمان بکات بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە”.
ڕۆژی شەشی ١١ـی ٢٠٢٢، ماوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، کۆتایی دێت و ئەگەرهاتوو لایەنەکان نەگەنە ڕیککەتن لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن یان هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، یانیش بریار لەسەر درێژنەکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان نەدەن، ئەوا هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق، دەکەوێتر بۆشایی یاساییەوە.
میدیا مەگەزین – هەولێر