پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی گەرمیان کەسێکیان بە تۆمەتی دزینی مۆبایل بە بەهای ٥ هەزار ٥٧٠ دۆلاری ئەمریکی دەستگیرکردووە و لە ئێستادا ڕەوانەی پۆلیسی گەرمیان کراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی هەواڵی لێنزنیوز پۆلیسی گەرمیان، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ئاشکرای کرد کە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، بە فەرمانی دادوەر کەسێکیان بە ناوی ( و. ف. ) و لە دایکبووی ١٩٨٠ یە، هەروەها لە هەمان کاتدا کارمەندی ئاسایشی گەرمیانە دەستگیرکردووە. لە لێدوانەکەدا ئەوەش هاتووە دادوەری گەرمیان دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەی لە ئاسایشی گەرمیانەوە گواستۆتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان.
عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە لێنزنیوز وت” دوای ئەوەی کەسێک کە دوکانی فرۆشتنی مۆبایلی هەیە لە ساڵی ٢٠١٩ سکاڵای لە پۆلیسی گەرمیان تۆمارکردووە لە کەسێک کە چەند جارێک مۆبایلی لێ دزیوە بە بەهای ٥ هەزار و ٥٧٠ دۆلار، بەڵام لە سکاڵاکەی پەشیمان بووەتەوە چونکە لەگەڵ ئەو کەسەی دزی لێکردووە ڕێککەوتوون بە چەندجارێک پارەکەی بداتەوە، بەڵام دزەکە هەموو پارەکەی نەگەڕاندۆتەوە “
قەدوری ئەوەشی وت لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەو کەسەی دزی لێکراوە جارێکیتر لە ئاسایشی گەرمیان سکاڵای تۆمارکردووە و ئاسایش بە فەرمانی دادوەر ( و. ف. ) کە کارمەندی خۆیانە و لە دایکبووی ١٩٨٠ یە دەستگیرکردووە.
لە ئێستادا ( و. ف. ) بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی ٤٤٦ لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕاگیراوە.