کوردستانگرنگهەواڵ

هەولێر.. دەرماڵەی خوێندکاران دابەشدەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەرماڵەی مانگی حوزەیرانی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەددین دابەشکرا و بڕیارە هەفتەی داهاتووش؛ دەرماڵەی مانگی ئایاری خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دابەش بکرێت.

رۆژی چوارشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، د. پێشەوا حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، لە لیدوانێکیدا رایگەیاند، یەکشەممە 18ـی ئەم مانگە، دەرماڵەی مانگی ئایاری خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دابەشدەکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران، بەپێی رێنوێنیی ژمارە 58ـی دارایی ساڵی 2008، بڕیاری دا بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 زیاتر لە شەش ملیار دینار وەکو هاوکاریی مانگانە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان، خەرجبکات و “ئەو پاڵپشتییە بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بوو”.

لە زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر، ئەو پاڵپشتیە داراییە دابەشکرا و د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، گوتی: “لە زانکۆی سەڵاحەددین ئەو پاڵپشتییە بۆ پێنج مانگ دابەشکرابوو تەنیا مانگی شەش مابوو، ئەمڕۆ دابەشکرا و کۆتاییهات.”

تاوەکو ئێستا دەرماڵەی چوار مانگی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دابەشکراوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەرماڵەی مانگی ئایار دابەش بکرێت و لەبارەی دابەشکردنی دەرماڵەی مانگی حوزەیرانەوە، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی گوتی: بەڵێنمان پێدراوە پاش چەند هەفتەیەکی دیکە دەرماڵەی مانگی حوزەیرانیش بدرێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، نزیكەی 130 هەزار ‏خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند دەبن… بڕی پاڵپشتییە داراییەكە بۆ خوێندکارانی ناوشار 40 هەزار دینارە و 60 هەزار دیناریش بۆ قوتابییانی دەرەوەی شار.

لێنزنیوز-هەولێر

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button