یەكێتی و نغرۆ بوون لە وەهمی چەمكسازیدا
ژوان ئەحمەد سەعید
هەموو هێزێكی سیاسی، بەردەوام پێویستی بە بەخۆداچونەوە و خۆرێكخستنەوە و سەرلەنوێ فۆرمەڵە كردنەوەی بەرنامە و سیاسەت و ستراتیژ و تەنانەت تاكتیكەكانی هەیە، بەڵام كەم هێز هەیە لە جیهان كە ئەو بەخۆداچونەوە و فۆرمەلە كردنەوەیە ناو بنێ نوێ، چونكە لەناواخندا ئەمە بە مانای دابڕان لە رابردوو و خۆبێبەری كردنە لە ریشە و مێژوەكەی بە خراپ و چاكەوە.
نوێبونەوە و نوێبون وەهم و تراویلكەیەكە كە تەنیا بۆ فریودانی جەماوەرێكی ناهوشیار بازاڕی هەیە و لە زانستی سیاسی و بەپێی پێدراوەكان، ئەمە جگە لە پۆپۆلیستی و سواربونی شەپۆل و بەشەوارەخستنی سیاسی، هیچ ناوێكی تری نیە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، مێژوویەكی دێرینی هەیە، پڕە لە خاڵ و وێستگەی رۆشن و خامۆش، كە لە سەرەتا هەڵوێست و كردەوەكانی جۆرێك لە یاخیبونی پێبەخشی بوو، ببوە حزبێكی سرك لە ئاستی دۆست و نەیارەكانیشیدا، بەڵام تا سێ ساڵ لەمەوبەر، لە فەرهەنگی یەكێتیدا چەمكی نوێبونەوە و نوێبون زۆر بەدەگمەن دەبینرێت، تەنانەت كە كۆمەڵە بە ستەم و زۆرداری هەڵدەوەشێنرێت، سەردارانی ئەوكاتی یەكێتی دەستیان بۆ ئەوە نەبرد چەمكی (یەكێتی نوێ) بخەنە ناو فەرهەنگی یەكێتیەوە، سەرەرای ئەوەی ئەو هەنگاوە یەكێتی لە رێكخراوێكی بەرەییەوە گۆڕی بۆ حزبێكی خاوەن یەك رێكخستن و قەوارە، بەڵام گشت ئەمانە، مانای ئەوە نیە كە یەكێتی بەخۆیدا نەچۆتەوە. بەڵام بەخۆداچونەوەكانی نەبۆتە هۆی تێپەراندنی كێشە و ناكۆكی یە ناوخۆییەكان، بەڵكو تەنیا سڕكراون، تا دەگاتە خاڵێك كە لە دوایین كۆنگرەدا بەبێ خوێندنەوەیەكی وورد، هەوڵ بۆ وەلانانی كێشەكان دەدرێت بەڵام دواتر وەك دومەڵ دەتەقێت و وێنەی خۆیشی ناشرین دەكات.
رەنگە زۆر قسە لەسەر كێشەكانی یەكێتی كرابێت، بەڵام كۆی قسە و باسەكان، لەسەر ئەوە كۆكن كە غیابی حزبایەتی و نەمانی ژیانی حزبایەتی لەناو یەكێتی و گۆڕینی بۆ وەلائی شەخسی و تەكەتول و پارەبەخشینەوە بۆ كڕینی ویژدانی كادر و تەنانەت سەركردەكانیش، وای كردوە ئەم حزبە بگاتە ئاستێك كە لەپەلۆپۆ بكەوێ بەرامبەر بە كێشەكانی و لەبری چاسەرەی عەقڵانی، پەنا بۆ شێوازی تر ببرێت بۆ چارەسەر كردن، وەك ئەوەی لە هەشتی تەمموز روویدا و تا ئێستا بە بەڵگە هیچكام لەو تۆمەتانە نەسەلمێنراوە كە ئەودەم بۆ ئەو هەنگاوە كرا بە پاساو.
هەر ئەم غیابی فكر و ژیانی حزبایەتی یە و دوركەوتنە لە پرانسیبە سەرەكیەكانی سیاسەت كردن و حزبایەتی، وای كردوە كە لەبری بەرهەمهێنانی كادر و سەركردەی سەنگین و سەرڕاست، گروپێك هەلپەرست و بەرژەوەندخواز دروست ببن و بێگومان هەموو سەركردەكانی رۆژهەڵاتیش شەیدای ئەم جۆرە دەستو پێوەندانەن چونكە نایانەوێ گوێیان لە ووشەكانی ( نەخێر، بۆچی، لەبەر چی؟.. هتد) بێت، دەیانەوێ بەردەوام بەڵێ بۆ راست و چەوتیشەكانیشی بكرێت.
رەنگە كادر و سەركردایەتی یەكێتی ئێستاش ئەو قەوانە لێبداتەوە، كە ئەمە كێشەی ناوخۆیی حزبە و پەیوەندی بە لایەنی تر و خەڵكەوە نیە، كە ئەمە تێگەیشتنێكی زۆر چەوتترە لەو رێچكە حزبيەی گیراوەتە بەر، چونكە حزب مادام دەسەڵات بەرێوە دەبات، كاریگەری لەسەر تەواوی كایەكانی ژیان دەبێت، لەوەش زیاتر كە لێرە حزب بۆ خۆی حكومەتە و ( دەوڵەتی قوڵ) بە تەواوی رەنگی داوەتەوە لە سیمای حوكمڕانی كوردستاندا، هەر بۆیە خەڵكیش لە گەدا و دەرۆزەكەرێكەوە بۆ بازرگان و رۆشنبیر و خوێندەوار، پەیوەستن بەوەی دەگوزەرێت چونكە كاریان تێدەكات بە باش یان خراپ.
یەكێتی لەهەموو قۆناغەكاندا ڕوبەروی كێشەی ناوخۆیی بۆتەوە، دواترینیان كە رەنگە دوایینیش نەبێت، ڕوداوەكانی هەشتی تەموز بوو.
لەم روداوانەدا بەهۆی لێكەوتە و ئەنجامەكانی چوارەهەمین كۆنگرەوە و بە هۆی ئەو غیابی فكر و ژیانی حزبایەتی یە، زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتیتەكەی و كادرانی باڵای حزبەكە، ئەوەندەی خۆیانیان لێ قوتار كرد، هێندە هەڵوێست و قسەیان نەبوو بۆ قوتاركردنی حیزبەكەیان، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە زۆرینەی ئەندامان بەبێ ڕەنج و ماندوبون و شیاوی و شایستەیی بون بەئەندامی باڵا، بۆیە سەنگەری ئەوان سەنگەری بەرگری كردن و پاراستنی بەرژەوەندی یە، نەك حزب و قەوارەی سیاسی حزبەكە و شكۆ و مێژوەكەی، راستیش ئەوەیە كە كەسێك مێژووی نەبێ چ باكی بە مێژووی حزب هەیە؟
بەشێكی زۆر لە سەركردایەتی مەقصەدیان تەنیا مەبلەغە نەك مەبدەئو سیاسەت، بەرژەوەندییەكانیان لەكوێبن ئەوانیش لەوێ لەنگەر و سەنگەر دەگرن، هەر ئەوەش رێبازی ئێستا و داهاتویان دەبێ و گۆڕینی هاوسەرۆك بۆ سەرۆك و سكرتێر و لەناوچونی حزبەكەشیان هیچ لەو مەقصەد و ئامانجەیان ناگۆڕێ و بگرە ئەگەر مەترسیەكان لەسەریان زیاد بێ دورنیە لافاوی سەنگەرگۆڕینی حزبیش رونەدات تیایاندا.
یەكێتی ئێستا لە وەهمی چەمكسازیدا ژیان بەڕێ دەكات، پاش نوێبونەوە، دەستی گرتوە بە چەمكی یەكێتی نوێ، بەڵام سیمای نوێبون پێوەی دیار نیە جگە لە دیاردەیەك نەبێت كە ئەویش خوێندنە بە یەك ئاواز و وتنەوەی قسە و گوفتاری سەرۆكی حزبە، كە ئەمە تا دوێنێیەكی نزیك، وەك تانە لە پارتی دەدرا لە لایەن یەكێتیەكانەوە.
جگە لەوەی بەكار بردنی چەمكی نوێ، مەبەست دابڕانە لە رابردووی حزبەكە كە بە بیركردنەوەی خۆیان خراپ بوە و ئەمانی ئێستا چاكی دەكەن، بەڵام لە بنەرەتدا بۆ ژیانی مرۆڤ و بۆ حزبایەتیش، پشت كردنە رابردوو هەموو كات بە مانای چاك بون نابێت بەڵكو پشت كردنە ئەزمون و پاشخان و مێژووە، یەكێتیش ئەوەی هەیبێت مێژوەكەیەتی، هەر حزبێكی وەك یەكێتی بیەوێ دوێنێی پڕ سەروەری لەبیر بكات و تێكۆشەر و كادرەكان فەرامۆش بكات ئەوا ئەمرۆی وەك ئەو یەكێتی یە بێدەنگەی ئێستای لێ دێت و سبەینێی لە یەكێتی نوێبونەوەكەی دوای كۆنگرە باشتر نابێت.
یەكێتی پێویستە لەو وەهمە دەربچێ كە لە كۆنگرەدا نوێبۆتەوە، واوەتریش پێویستە چەمكی نوێ وەلا بنێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەو بنەما فكریانەی یەكێتی لەسەر دامەزراو و دەستی بە خەبات كرد، چونكە روخساری ئێستای ئەم حزبە، زۆر دورە لەو سیما و روخسارەی پێی ناسرابوو.
چەمكی نوێبونەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك كە خۆی كەوتە ناو ئەو چاڵە قوڵەی بۆ سەركردە دێرینەكان و یەكێتیە نوێبوەوەكەی هەڵكەند و چەمكی نوێبونی سەردەمی بافڵ تاڵەبانیش كە چارەنوسی لە سایەی ئەو زۆرینەی سەركردایەتیە زەلیلەی ئێستاوە رەنگە لەوەی ئامۆزاش باشتر نەبێت، شەوارەیەكی سیاسی یە و كادر و ئەندامی پێ شەوارە خراوە، ئەگەرنا، هیچكات لە مێژووی خۆیدا كادر و سەركردایەتی یەكێتی، وەك ئێستا دەستەوەستان و بێدەنگ نەبون، بگرە لەگەڵ خودی شادرەوانان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا مشتومڕ و ڕكابەری كراوە و دەرەنجامەكەشی هەرچی بوبَت یەكێتی ئەو سیمایەی لەدەست نەداوە.
بۆ ئێستا و ئایندەش، ئەم حزبە هەڵەی گەورە دەكات كە پەچەی یەكێتی نوێ و چەمكگەلی لەو جۆرە بپۆشێت بۆ شاردنەوەی پەشمەكان، بەڵكو تاكە چارەسەر گێرانەوەی ژیانی حزبایەتی یە بۆ ناو یەكێتی، كاركردنە بە پرانسیبە سەرەتاییەكانی حزبایەتی، چونكە بەكارهێنانی دەستەەواژەی نوێ و هەندێ دروشمی سۆزداری وەك لەپێناوی خەڵك و حزبی شەهیدان و .. هتد، تازە دادی ئەم حزبە نادات چونكە یەكێتی لەو دروشمانە دوركەوتۆتەوە و ئەگەر دەیەوێت بەراست حزبی خەڵك بێت پێویستە حزبێك بێت لە بۆچون و هەڵوێست و فكر و ئایدۆلۆژیا جیاواز بێت لەو حزبانەی تر، جیاواز بێت لە یەكێتی سەردەمەكانی پێشوو، نەك وەك ئێستا دەیبینین بەرەو خراپتر هەنگاو بنێت. یەكێتی لە بەرەیەكی(جبهە) سیاسی گۆڕاوە بۆ مەتەرێز و ساترێكی سەربازی و كەسی دیار و باڵا تیایدا ئەوانەن كە چەكیان بەدەستە و جلی سەربازی دەپۆشن.
ئەمە بۆ خۆی یەكەمین و گەورەترین لادانە لە بنەما سەرەتاییەكانی یەكێتی، خۆ ئەگەر یەكێك بچێت ئەدەبیاتی كۆمەڵە بخوێنێتەوە ( كۆمەڵەكەی ئارام نەك داهۆڵەكەی دوای ئەو)، بۆی دەردەكەوێ كە هەوڵی جدی ئەوە بوە یەكێتی لە شاخیش سیمایەكی سیاسی هەبێت نەك سەربازیەكی بەحت.
ئێستا رەشەبای بەرژەوەندی خەریكە لق و پۆپی یەكێتی دەهەژێنێت، سەركردایەتی بێدەنگكراو بە هەرەشە و ئیمتیازات، بونەتە سپەری بەردەوام بونی یەكێتی لەسەر رێچكەی مفتەخۆری و رەیعی، بۆیە ئەگەر ئەوانەی دڵیان بۆ یەكێتی ژان دەكات، فریا نەكەون، ئەوا گەڵای جەماوەری یەكێتی تا دێت هەڵدەوەرێت و بە لەزگەی نوێبون و نوێبونەوە پێكەوە نالكێنرێنەوە.بە تایبەت كە ئێستا ئەم حزبە بەردەوام كادر و ئەندامە دڵسۆزەكانی فڕێ دەداتە ئەودیو شوراكانی حزبەوە، لە نمونەی ئەو لەشكرە كادری راگەیاندنەی بە بڕیارێكی دیراسەنەكراو و سەرپێیی لە حزب وەدەرنران كە زۆرینەیان لە زۆرینەی سەركردایەتیەكانی ئێستا ماندوتر و خاوەن مێژووتر و تێكۆشەرتر بون.
تێبینی:
كرۆكی ئەم بابەتەش بۆ راست كردنەوەی رێچكەی حزبێكە كە موقەدەرات و ژیانی ناوچەیەكی فراوانی كوردستانی لەژێر دەستایە و كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵكە، نەك وەك بەرگری.