ڕاپۆرتکوردستانگرنگهەواڵ

زانیاریی نوێ لەبارەی ڕووداوی تەقەکردنەکەی خەبات

شەوی سێشەممە، ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە قەزای خەبات بۆ ماوەی ١٥ خولەک، دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا و بەگوتەی شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ لێنزنیوز کردبوو “چەکی قوڕسیش تەقێندراوە”.

دوای رووداوەکە، لێنزنیوز بەداواداچوونی بۆ ڕووداوەکە کرد و بۆی دەرکەوت، ئەو شەوە چەند کەسێک لە قەزاکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی “لە خۆشیی کوشتنی کەسێک، کە دووژمنایەتییان لەگەڵیدا هەبووە”، تەقەیان کرد، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کەسەکە نەمردووە و تەنها بریندار بووە.

ڕەعەد سەعید، کە رۆژنامەوانە و نیشتەجێی قەزای خەباتە، لەبارەی وردەکاریی رووداوەکەوە بە لێنزنیوزی راگەیاند: شەوی 13ـی ئەم مانگە، تەقەکەرەکان کە ژمارەیان سێ کەس بووە، لە قەزای خەباتەوە چوونەتە قەزای ئاکرێ بۆ کوشتنی ئەو کەسەی مەبەستیان بووە.

محەممەد سمکۆ، تەمەنی ٢٤ ساڵە و ئەو کەسە بووە کە تەقەکەرەکان ویستوویانە بیکوژن، هەرچەند لە نزیک بازاڕی ئاکرێ تەقەی لی دەکەن و تەقەکەرەکان “وایانزانیوە مردووە”، بەڵام زیندووە و تەنها بریندار بووە.

بەپێی زانیارییەکانی لێنزنیوز، مێژووی ئەو دووژمندارییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1994، لەکاتی یارییەکی تۆپی پێدا لە قەزای خەبات، بەهۆی دەمەقاڵێوە شەڕێک دروستدەبێت و پێنج کەس دەکوژرێن… ئەو دووژمنداییە تاوەکو ئێستا ماوە و نەتوانراوە (سوڵحی عەشایەری) ئاشتەوایی بکرێت.

هەر بە گوتەی ڕەعەد، هەردوو بنەماڵەکە هەرکین و ئەوکاتەی ئەو دووژمندارییە دروستبووە، ئەو کەسەی کە بریندار کراوە لە دایک نەبووە، “محەمەد، ئێستا لە نەخۆشخانەیە و چارەسەر وەردەگرێت… کەسووکارەکەشی داوای چارەسەرکردن و ئاشتەوایی دەکەن”.

زوبێر حەمید، خاڵی محەممەد سمکۆیە و دوای ڕووداوەکە قسەی کرد، گوتی: ئەو گەنجە بووەتە قوربانیی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی کۆن، کە هیچ پەیوەندیی پێوەی نییە. داواکاریین حکومەت یان لایەنی حیزبی، ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و کێشەکە بۆ هەموومان ناخۆشە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی لێنزنیوز، لە قەزای خەبات مانگانە رووداوێکی تەقەکردن یان کوشتن روودەدات. دانیشتووانی ئەو قەزایەش؛ لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی تەقەکردن نیگەرانن و “هەمیشە ترسیان هەیە ببنە قوربانی”.

هەر بەپێی زانیارییەکانی لێنزنیوز، هیچ کەسێک لەسەر رووداوی تەقەکردنە هەڕەمەکییەکەی قەزای خەبات دەستگیر نەکراوە. کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات، شەوی ڕووداوەکە بە لێنزنیوزی ڕاگەیاندبوو “هەر ئەو شەوە هێزە ئەمنییەکان دۆخەکەیان کۆنترۆڵکرد و دەزگا ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەیان لەسەر رووداوەکە دەستپێکردووە”.

ئەو ڕووداوانە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی چەکهەڵگرتن و داماڵینیی چەکی بێمۆڵەت لە هاووڵاتییانی ئاسایی بەردەوامن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند هەڵمەتێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت کرا و چەندین چەکی هاوشێوە، دەستیانبەسەردا گیرا.

لێنزنیوز – هەولێر

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button