هۆکارێکی لۆجیکی هەیە، گۆڕان بۆ گۆڕا؟
ڕێبوار ڕەزا چوچانی
په‌نجه‌ره‌ی ئۆتۆمبێله‌كه كرابووه‌وه، له‌سه‌رخۆ ده‌ڕۆیشت، به ناو ئاپۆرایهكدا تێده‌په‌ڕی، هه‌موویان خوێنییان بۆ گۆڕان ده‌كوڵا، له سیمایاندا ئه‌وه ده‌خوێندرایه‌وه، تا گۆڕان نه‌هێننه ئاراوه، مه‌حاڵه واز بهێنن، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا گۆڕان به‌مانه دێته ئارا؟
ئۆتۆمبێله‌كه ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی گرتبوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بگاته ئه‌و خاڵه‌ی، ئاپۆراكه لێیه‌وه به‌ڕێ كه‌وتبوون، شۆفێره‌كه بێحه‌وسه‌ڵه بوو، له‌به‌ر خۆیه‌وه هه‌ر بۆڵه‌بۆڵی بوو، كردار و گوفتاره‌كانی ئه‌وه‌یان ده‌خسته‌ڕوو، كارێكی گرنگی هه‌بێت و ئه‌و ئاپۆرایه به‌ربه‌ستی بن، به‌ڵام جگه له گه‌یاندنی ئێمه‌به جێی مه‌به‌ست (ئێمه‌یش په‌له‌مان نه‌بوو) پێنه‌ده‌چوو هیچ كارێكیتری هه‌بێ.
لێره هه‌مووان په‌له‌یانه، په‌له‌كردن له ڕۆیشتن، له ڕوانین، له گوتن، له وه‌ڵامدانه‌وه، له وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكه‌ن، په‌له‌یانه بۆ بینینی داهاتوو، ئه‌گه‌ر له ڕێی فاڵگرتنه‌وه و تهڵهكهبازیشهوه بێت، په‌له‌یانه شهرحهوانێك بێت و ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویان بۆ شه‌رح بكات، ئه‌وانیش بێ پرسیار، بێكهشفكردنی دروستی و نادروستی شهرحهكه وه‌ریده‌گرن.
ڕۆژێك له‌به‌رده‌م ده‌ستشۆری چێشتخانه‌یه‌كدا، له ناكاو بۆچوونه‌كه‌ی هیراكلیتووسم بیركه‌وته‌وه، “مرۆڤ ناتوانێت دووجار پێبخاته ناو ئاوی ڕووبارێكه‌وه”، منیش هه‌رچه‌ندم كرد، نه‌متوانی دووجار له‌سه‌ر یه‌ك، ده‌ستم بخه‌مه به‌ر ئاوی شێره (بهلوعا)ی ده‌ستشۆره‌كه، بابه‌ته‌كه له ڕواڵه‌تدا كۆمیدی ده‌رده‌كه‌وێت، واته چۆن ده‌كرێت دووجار له‌سه‌ر یه‌ك، نه‌توانم ده‌ست بخه‌مه به‌ر ئه‌و ئاوه‌ی له شێرهكهوه دێته‌خوار، له كاتێكدا شێره و ئاوه‌كه له بهردهممدان و هه‌ركات بمه‌وێت ده‌توانم ده‌ستم بخه‌مه به‌رییه‌وه؟
له ناوه‌ڕۆكدا بابه‌ته‌كه شتێكی تره، ئه‌م بۆچوونه‌ی هیراكلیتووس به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر گۆڕان، چونكه به گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌یله‌سوفه، ئه‌م بوونه بوونێكی جێگیر و نه‌گۆڕ نییه، به‌ڵكو له فره‌ییه‌كی فراوانی لێكدژه‌كان پێكهاتووه و ئه‌مه‌یش پرۆسه‌یه‌كی سهرڕێخستووه، كه شت و هه‌بووه‌كان به‌رده‌وام له گۆڕاندان، واته گۆڕان جهبرێكه و جگه له خۆی، هیچ شت و هه‌بوویه‌ك ناتوانێت لێی ده‌رباز ببێت، بۆیه ئاوه‌كه به به‌رده‌وام له ڕۆشتندایه، واته به به‌رده‌وام له جوڵه‌دایه و به به‌رده‌وام له گۆڕاندایه، ئه‌م گۆڕانهیش دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه.
یه‌كه‌م: ئه‌و ئاوه‌ی كه ده‌ستم ده‌خه‌مه به‌ری، به به‌رده‌وام ده‌ڕوات و له جوڵه‌دایه و ده‌گۆڕێت و ئاوی تر دێته جێی، واته ئاوی یه‌كه‌مجار كه ده‌ستم خسته به‌رییه‌وه، ناوه‌ستێت تا جارێكی تر ده‌ست بخه‌مه‌وه به‌ری.
دووه‌م: ئاوه‌كه له ڕێی ڕۆیشتن و جوڵه‌وه، ده‌گۆڕێت بۆ شتی تر، كه ده‌توانێت ببێت پێیان، واته ئیمكانی بوون به‌و شته‌ی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
بۆیه به بۆچوونی هیراكلیتووس، گۆڕان هه‌ر ده‌بێت ڕووبدات و هیچ شتێك ناتوانێت به‌ری پێبگرێت.
با بێینه‌وه لای بابه‌ته‌كه‌ی خۆمان، ئاپۆراكه ده‌یانویست گۆڕان بهێننه ئاراوه، پرسیارێك له‌وێدا دروست بوو، ئایا گۆڕان به‌مانه دێته ئارا؟
وه‌ڵامه‌كه زۆر به ئاسانی نه‌خێر وه‌رده‌گرێت، چونكه گۆڕان پرۆسه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆیه و زیاتر ڕووی له بواره ههمهكییهكانه، پرۆسه‌یه‌كه به زۆر ڕوونادات، به‌ڵكو كاتێك ڕووده‌دات، كه كاتی ڕوودانی هاتبێت، ئه‌و كاته‌یش له‌حزه‌یه‌ك نییه كه خێرا تێیدا بێته ئاراوه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆیه و له ئه‌نجامی په‌ره‌سه‌ندن و لێكه‌وتنه‌وه و ئاڵوگۆڕ و كارلێكی نێوان دژه‌كان دێته ئاراوه، زۆرجار دژه‌كان باردهگۆڕن بۆ یه‌كتری و زۆرجاریش له دژه‌كانه‌وه شتێكی تر دێته ئاراوه، كه هیچییان نییه، بۆیه ئه‌م پرۆسه‌یه پرۆسه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆیه و زۆرجاریش په‌یوه‌ندی به یاسا سرووشتییه‌كانه‌وه هه‌یه، كه مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا نییه.
ئه‌ی هه‌ڵه‌كه له كوێدایه؟
ده‌كرا له جیاتی هه‌وڵدان بۆ هێنانه ئارای گۆڕان، هه‌وڵی هێنانه ئارای گۆڕینییان بدابا، چونكه گۆڕین له ناو بابه‌ته بهشهكییهكاندا ڕووده‌دات، ویست و قودره‌تی مرۆڤ ده‌توانێت له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا و له كات و شوێن و بابه‌تێكی دیاریكراو، گۆڕین بهێنێته ئاراوه، به‌ڵام ناتوانێت گۆڕان بهێنێته ئاراوه، بۆیه ئه‌وانه‌ی كه چه‌مكی گۆڕانییان هێنایه ناو هۆشیاری سیاسیی كورد و وه‌ك ویستێك بۆ گۆڕینی هه‌لومه‌رج و بوارێكی دیاریكراو به‌كارییان هێنا، دوو ئه‌گه‌ر ده‌یانگرێته‌وه.
یه‌كه‌م: له چه‌مكه‌كه تێنه‌گه‌یشتوون و له‌گه‌ڵ گۆڕیندا تێكه‌ڵییان كردووه.
دووه‌م: له چه‌مكه‌كه تێگه‌یشتوون و كه‌ڵكێكی خراپییان لێوه‌رگرتووه، له كاتێكدا زانیویانه، گۆڕان پرۆسه‌یه‌كی له سه‌رخۆیه و خێرا ئه‌نجام به ده‌سته‌وه نادات و ناكرێت بۆ ئه‌كتێكی سیاسیی به‌كاربهێنرێت.
له‌مه‌یشدا ئه‌و ڕۆشنبیرانه به‌رپرسیارن، كه ویستی ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانیی له كهلهیانی دابوو و دواتریش له شكستی ئه‌م ویسته‌دا كه‌رتبوون و به‌شێكییان به شه‌رمه‌وه ویستی ئۆپۆزسیۆنی ڕادیكاڵییان ته‌رح كرد، به‌ڵام ئه‌مه هیچ له‌وه كه‌م ناكاته‌وه، ئه‌وانه وه‌ك تیۆریسێنی ئه‌و هۆشیارییه ده‌رده‌كه‌وتن، كه چه‌مكی گۆڕان و گۆڕینی تێكه‌ڵ كردبوو. بهرهنجامهكهیشی ئه‌وه‌یه ئێستا ده‌یبینین.
ئه‌مه قاعیده‌یه‌كی لۆجیكییه، هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك له بنه‌مای هه‌ڵه‌وه ده‌ست پێبكات. به ئه‌نجامی هه‌ڵه ده‌گات، بۆیه ئه‌و هۆشیارییهیش كه گۆڕین و گۆڕانی تێكه‌ڵ كردبوو، هیچی نه‌گۆڕی و خۆی گۆڕا.