نیشانەکانی عێڕاقی وێرانبوو
گۆران ڕەسوڵ
ساڵی ٢٠١٨ ئەوکاتەی کە زیاتر لە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕی بوو و هێشتا حکومەت پێکنەهێندرابوو، لە ڕێگەی چەند ستاتوسێکەوە ئاماژەم بە چەند نیشانەیەک بۆ عێراقی وێرانبوو دا، نیشانەکان و ئاماژەکان زۆرن بەڵام ئەو کاتە هەر دەربارەی چوار خاڵ نووسیم. ئەم خاڵانە و زۆری خاڵی تر وەک بازنەیەک هەمیشە دەگەڕێنەوە خاڵی سەرەتا و جارێکی دیکە خۆیان چەندبارە دەکەنەوە.
نیشانەکانی عێڕاقی وێرانبوو
یەک
ئەمڕۆ چوار مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق و تاکو ئێستاش حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە پێکنەهێندراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ یەک لە لیستە براوەکان و هیچ گروپ و حیزبێک تاکو ئێستا نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی باش حکومڕانی ئەم وڵاتە بکەن، بەڵکو لە کاولکاریی و وێرانەیی زیاتر، هیچیان بۆ ئەو وڵاتە نەهێناوە.
دوو
کاتێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دەکرێت، سیاسی و دەسەڵاتدارانی بەغدا پشتگیریی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەردەبڕن، هەروەها کە لە بەغدا و پارێزگاکانی باشوری عێڕاق خۆپیشاندان دەکرێت، سیاسی و دەسەڵاتدارانی هەرێم پشتگیریی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەردەبڕن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ یەک لەو سیاسی و دەسەڵاتدارانە لە ناوچە و سنووری خۆیان نەک هەر بڕوایان بە خۆپیشاندان نییە، بەڵکو خۆپیشاندەرانیش دەدەنە بەر گوللـە و شەق و بەندیان دەکەن.
سێ
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە، زۆر بە ڕوونی لە ڕووی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوورییەوە دونیا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوو، بەرەی ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا و زلهێزەکانی تری ئەوروپا لە بەرانبەر بەرەی ڕوسیا و چین و ئێران. ئەمە وای کردووە کە وڵاتانی تر ناچار ببن بچنە پاڵ یەکێک لەم بەرانەوە، ئەو وڵاتەی یاری نێوان ئەو دوو بەرەیە بکات، مەرگی خۆی ڕاگەیاندووە!
کەچی لەوەشیاندا عێڕاق خاتری هەردوو بەرەی گرتووە و هەر ڕۆژەی بە تەپڵی بەرەیەک هەڵدەپەڕێ. ئێوارە ئەمریکا بڕیارێک دەردەکات و بۆ بەیانییەکەی ئێران بڕیارێکی پێچەوانە دەردەکات، دەسەڵاتدارانی عێڕاقیش چونکە بێ ئیرادەن و بەسەر بەرەی ئێران و ئەمریکادا دابەش بوون، هەردوو بڕیارەکە گوێڕایەڵانە جێ بەجێ دەکەن، سەرەنجام خۆیان و خەڵکی عێڕاق تووشی مەینەتییەکی تر دەکەن.
ئەم گەمەیەی نێوان ئەم دوو بەرەیە لە هەرێمی کوردستان زۆر ڕوونتر دەرکەوتووە. ئینجا بە جۆرێک کە نەک دابەشی سەر ئەو دووبەرەیە ببن، بەڵکو هەندێک جار هێندە خاتری هەردوو بەرە دەگرن، لە یەک ڕۆژدا فەرمانی هەردوولا جێبەجێ دەکەن.
چوار
میلیشیا ئەو هێز و گروپە چەکدارەیە کە بەبێ یاسا و پەیڕەو و چاودێری حکومەت، چالاکییە چەکداریی و سەربازییەکانی خۆی ئەنجام دەدات. زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە هێزێک یان گروپێکی میلیشیایان تێدایە، وڵاتانی پڕ کێشەن و لەڕووی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە وێرانن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هاوڵاتیان هەمیشە لەناو ترسی بەریەککەوتنی ئەو میلیشیایانە و هێزی ئەمنی و سەربازی وڵاتەکەیاندا دەژین.
عێڕاق لەوەشیاندا پلەی یەکەمی گرتووە، ئەمەش بەوەی کە نەک میلیشیایەک یان دوو، بەڵکو زیاتر لە ٣٠ میلیشیا لە عێڕاقدا هەن. زۆربەی ئەو میلیشیایانە لەناو شیعەکاندان، کە چەکی جۆراوجۆریان هەیە و سەرەڕای پاڵپشتی هۆز و عەشیرەت، لە لایەن ڕەوت و کەسایەتییە ئایینییە باڵاکانی ناو شیعە پشتگیری دەکرێن.