جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەرانیی کۆنگرەوە کە لە ٢٧ـی ئابەوە دەستیپێکردووە، ئاماژە بەوە دەکات “پرۆسەکە بەشێوەیەکی رێکوپێک بەرێوەدەچێت… تا ئێستا ھەڵبژاردن لە ٨٩ بازنەدا کراوە و تاوەکو ١٥ـی مانگی داهاتوو پرۆسەکە بەردەوام دەبێت”.
نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی چواردەی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە: ھەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی نوێنەرانیی کۆنگرە بەردەوامە… دوێنێ لە لقێکی دھۆک لە لیژنەی ناوچەی برایەتی کۆتایی ھات و ئەمڕۆش لە لیژنەی ناوچەی سەرھەڵدان لە لقی یەک لە دھۆک ھەڵبژاردن بەردەوامە، لە سنووری لقی ١٦ـی پارتی لیژنەی ناوچەی کارێز و لە ئەوروپاش ھەڵبژاردن بەردەوامە، لە وڵاتی ھۆڵەندا پرۆسەکە کۆتاییهاتووە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی نێوخۆیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٢٧ـی ئابەوە دەستیپێکردووە و لەکۆی ١٦٣ بازنەی هەڵبژاردن، لە ٨٩ بازنە پرۆسەکە کۆتاییهاتووە.
نەجات حەسەن گوتیشی: پرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆر باش و بێ گرفت بەڕێوەدەچێت و بەپێی پێشبینییەکان، پرۆسەکە تا ١٥ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و دواتریش کۆتایی دێت.
ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە: پرۆسەکە زۆر گەورەیە و ھەر گرفتێکیش ھەبێت، بە شێوەیە نەبووە و سرووشتیی بووە بۆیە پرۆسەکە زۆر بەباشی بەرێوەدەچێت.
بریارە مانگی دەی ئەمساڵ، کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک بە بەشداریی نزیکەی ٨٠٠ ئەندام بەڕێوەبچێت و هەڵبژادنیش بۆ هەلبژاردنی نوێنەرانیی کۆنگرە تاوەکو ١٥ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.