کوردستانگرنگهەواڵ

ئاسایشی ئاکرێ لەبارەی کوژرانی عەقیدەکەی پێشمەرگە ڕوونکردنەوە دەدات

دوای کوژرانی عەقید سابیر ئاکرەیی، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ئاسایش ئاكرێ راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ره‌تیده‌كاته‌وه “‌ ئه‌و تاوانباره‌ی عه‌قید سابیری كوشتووه‌ چه‌ك، ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لی ئاسایشی ئاكرێی به‌كارهێنابێت”.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌  17ـی ئه‌یلوولی 2022، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاسایشی ئاكرێ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی كوژرانی عه‌قید سابیر ئاكره‌یی، ئه‌فسه‌ری بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاندووە: له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا برا گه‌وه‌ری عه‌قید سابر ئاكره‌یی، له‌ كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیدا لێدوانی بۆ میدیاكان داوه‌ و دەڵێت “ئه‌و تاوانباره‌ی براكه‌یان كوشتووه‌ چه‌ك، ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لی ئاسایشی ئاكرێ به‌كارهێناوه‌”، ئێمە ئه‌و ده‌نگۆیانه‌‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌موو لایه‌ك دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌راستییه‌وه‌.

ئاسایشی گشتیی ئاكرێ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌و چه‌ك، ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لانه‌ی تاوانباره‌كه‌ به‌كاریهێناون بۆ كوشتنی عه‌قید سابیر ئاكره‌یی، موڵكی تایبه‌تیی خۆی بوونه‌، نه‌ك ئاسایشی ئاكرێ. “تاوانباره‌كه‌ به‌ر له‌ ده‌ركردنی بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌خه‌كردنی فرۆشتنی چه‌كی بێمۆڵه‌ت، چه‌كه‌كه‌ی ‌ده‌ستخستووه‌”.

ئێوارەی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٥ـی ئەیلوولی 2022، عه‌قید سابیر جەمیل ئاكره‌یی، ئه‌فسه‌ری بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەبه‌رده‌م ماڵه‌كه‌ خۆیدا له‌ ئاكرێ دەستڕێژی گوللەی لێکرا و گیانی لەدەستدا… لەکاتی رووداوەکە هاوسەرەکەی، كچێكی و خوشكی هاوسەرەکەی له‌گه‌ڵ عەقید سابیر دابوون و برینداربوون، بەپێی زانیاییەکان ئێستا بۆ وەرگرتنی چارەسەر له‌ نه‌خۆشخانه‌ن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button