سەبارەت بە ماوەى وەرگرتنى داواکارى هاووڵاتییان بۆ بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان و چۆنیەتى بەناوکردنیان، برزۆ زیاد، سەرۆکى لیژنەى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان لە پارێزگاى هەولێر ڕایگەیاند: لە ٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، كه دوا وادەى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان بوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لەم ڕێککەوتە بە دواوە هیچ داواکارییەکى دیکە لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت.
سەرۆکى لیژنەى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان لە پارێزگاى هەولێر، لەبارەی ژمارەی ئەو دواکارییانیە کە پێشكەش بە لیژنەکە کراون بۆ بەناوکردنی خانووە زێرەڕۆکان، گوتی: کۆى گشتی ئەو داواکارییانە، ١٧ هەزار و ٣٩٤ داواکاریین، دواى وەرگرتنیان لەلایەن لیژنە لاوەکییەکان پشکنین بۆ تەواوى خانووەکان ئەنجامدەدرێت و دواى گرتنەبەرى ڕێکارە هونەرییەکان لە دانانى نەخشەى کەرتى، یەکبوون، جیاکردنەوەى زەوییەکان و خەمڵادنى لەلایەن لیژنەى خەمڵاندن و وەرگرتنى بەهایى تەملیک، خانووەکان بەناوى هاووڵاتییان دەکرێت.
سەبارەت بەو هاولاتییانەشى کە تاوەکو ئێستا سەردانی پارێزگاى هەولێریان نەکردووە و داواکارییان پێشکەش نەکردووە، سەرۆکى لیژنەى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان لە پارێزگاى هەولێر دەڵێت: “بەپێى یاسایی ژمارە سێى ساڵى 2019، ماوەى ساڵێک دیاریکرابوو بۆ هاووڵاتییان تاوەکو داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن، پاشان بە یاسایی ژمارە حەوتى ساڵى 2021، ماوەکە بۆ ساڵێکى تر درێژکرایەوە بۆ ٩ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، لەم بەروارە بە دواوە ناتوانین هیچ داواکارییەکى ترى هاووڵاتییان بۆ بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان وەربگرین”.
سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەى پێشکشکردنى داواکارییەکان، برزۆ زیاد گوتی: ئەم بابەتە لە دەسەڵاتى حکومەت نییە و پێویستە لە پەرلەمانى کوردستان جارێکى تر یاساکە هەمووار بکرێتەوە.