بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، هاوڵاتییەکیان دەستگیرکردووە بە هۆی ئەوەی هەستاوە بە دروستکردنی خەڵوز بە شێوەیەکی نایاسایی.
ئەمڕۆ ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە پێگەی فەڕمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئاشکرایان کرد. ” لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی سنوری چالاکیەکانیان مەفرەزەیەكی بەشى پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ لە سنوری گوندی (بناویلە) ى سەر بەقەزاى چوارتا توانیان هاووڵاتیەك دەستگیر بکەن کە هەستابوو بە دروستکردنی خەڵوز بە شێوەیەکی نایاسایی”
لە بڵاوکراوەکەشدا هاتووە، کە دەستیان بە سەر ١ پیکاپ دار و ٥ فەردە خەڵوز گرتوو هەروەها ٢ کورەی دروستکردنی خەڵوزیان تێکداوە.
لە ئێستادا ئەو هاوڵاتییە پەڕاوی لێکوڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و دادگای سلێمانی ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەردا وەردەگرێت.