سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە و نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان ، پەیامێکی بڵاوکردەوە لە پەیامەکەیدا هاتووە:
لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ھەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە و نەھێشتنی ھەر چەشنە توندوتیژیەک، بەتایبەتی جیاکاری و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دووپات دەکەینەوە.
یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، زەمینەڕەخساندن بووە لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارا و کاریگەر و شایستەی خۆیان لە پێگە جۆراوجۆرەکانی حکومڕانیی ھەرێمی کوردستاندا بگێڕن.ھەروەھا بەھەموو شێوەیەک ھەوڵی پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان و نەھێشتنی جیاکاری ڕەگەزی لە کوردستان دەدەین .
ئافرەتانی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا دەسکەوتی گرنگیان بەدەستھێناوە، بەڵام بەداخەوە ھێشتاش ئاستەنگ و بەربەست ھەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە ، بۆیە ھیوادارین بە ھاوکاری ھەموو لایەنەکان و پێکھاتەکانی کۆمەڵگە ، کۆتایی بە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک و جیاکارییەکی ڕەگەزی بھێنین و ھەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی.
میدیا مەگەزین