پارێزگاری خێرسۆن لە ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ڕووسیا ٥٤ جار ناوچەی خێرسۆنیان بۆردومان کردووە، هاوکات ئەرکانی سوپای ئۆکرانیاش ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان هەوڵەکانی ڕووسیایان بەرپەرچ داوەتەوە بۆ پێشڕەویکردن لە نزیک ٥ شوێنی نیشتەجێبوون لە دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
بە وردی، یارۆسلاڤ یانوشێڤیچ، پارێزگاری ناوچەی خێرسۆنی ئۆکرانیا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی ڕووسیا 54 جار ناوچەی خێرسۆنیان بۆردومانکردووە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دوو کەسیش برینداربوون، لەنێویاندا منداڵێک.
یانوشێڤیچ وتی ڕووسیا “بە ئەنقەست” ژێرخانی مەدەنی و هاوڵاتیانی مەدەنی کردۆتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ژمارەیەک بینای نیشتەجێبوون و دامەزراوەیەکی پەروەردەیی زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات ٨ گوندی دراوسێ بۆردومانکراون.
یانوشێڤیچ وتی: هێزەکانی ڕووسیا بەردەوامن لە بەکارهێنانی تاکتیکی تیرۆر.
بەگوتەی هالینا لوهۆڤا، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری خێرسۆن، لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ی ئەم مانگە، لە بۆردومانەکانی ڕووسیا کە شاری خێرسۆنی کردۆتە ئامانج، لانیکەم ١٥ کەس گیانیان لەدەست داوە، کە منداڵێکیان تێدا بووە، هەروەها ٣٥ کەسیش بریندار بوون، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە.
قسەکردن لەسەر هەوڵە پێشوەختەکانی ڕووسیا
لە لایەکی دیکەوە ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە سوپای ئۆکرانیا وەڵامی هەوڵەکانی پێشڕەوی هێزەکانی ڕووسیای لە نزیک ٥ شوێنی نیشتەجێبوون لە ڕۆژهەڵات داوەتەوە.
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشەکانی ڕووسیایان لە نزیک “ستێلماخیڤکا” لە پارێزگای لوگانسک، بێلۆگۆریڤکا، مارینکا، ڤێرخنۆکامیانسک و سپێرن لە پارێزگای دۆنێتسک بەرپەرچ داوەتەوە.
ئەرکانی گشتی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای ئۆکرانیا دوو ناوەندی فەرماندەیی و ١١ ناوەندی ڕووسیای بۆ کەرەستەی سەربازی و کارمەندان و “شوێنێکی ستراتیژی دیکەی” سوپای ڕووسیا کەوتۆتە بەر شاڵاوی هێرشی ئۆکرانێکان.
میدیا مەگەزین