تورکیا وەڵامی “داواکارێکەی ئەمریکا دەداتەوە” سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژئاوایی کوردستان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، ئەمریکییەکان داوایان لە وڵاتەکەی کردووە “دوبارە پێداچوونەوە بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بکاتەوە” کە ئەنقەرە دژی کورد لە ڕۆژئاوایی کوردستان دەستیپێکردووە، ڕوونیشیکردەوە، وەڵامی تورکیا بۆی ئەوە بووە “داوا لە ئەمریکا دەکەم ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات”.
هولوسی ئاکار وتی: ئەمریکییەکان داوایان لێکردین کە دووبارە بەدواداچوون بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی کورد لە ڕۆژئاوایی کوردستان بکەین و لە بەرامبەردا داوامان لێکردن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە پنتاگۆن ڕایگەیاند کە لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا بە نوێنەرە تورکەکەی ڕاگەیاندووە کە “واشنتۆن بە توندی دژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنقەرەیە دژی کورد لە ڕۆژئاوایی کوردستان”.
ڕۆژی 20ی ئەم مانگە هێزی ئاسمانی تورکیا زنجیرەیەک هەڵمەتی لە ڕۆژئاوایی کوردستان دەستپێکرد و شوێنەکانی هێزە کوردەکانی کردە ئامانج کە ئەنقەرە بە “تیرۆریستی” پۆلێنی دەکات.
هەفتەی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نیازی خۆی بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر کورد لە باکوری سوریا ڕاگەیاند، و گووتی “کاتی هات”.
ڕۆژی چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئۆستین “پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە ئاکارەوە کردووە بۆ کەمکردنەوەی توندی هەڵکشان، هەروەها ئاگاداری کردووەتەوە کە پنتاگۆن بە توندی دژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی تورکیایە لە ڕۆژئاوایی کوردستان”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “وەزیری ئەمەریکا سەرەخۆشی لە نوێنەرە تورکەکەی کردووە بۆ قوربانیانی ئەو بۆردومانەی لە 13ی ئەم مانگەدا لە ئەستەنبوڵ ڕوویدا و بەهۆیەوە 6 کوژراو و زیاتر لە 80 برینداری لێکەوتەوە”.
تورکیا هێزە کوردییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەپشت ئەم تەقینەوەیە بن، ئەمە لە کاتێکدا مەزڵووم کۆبانی ئەمەی ڕەت کردەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ژەنەڕاڵ پات ڕایدەر، ڕۆژی سێشەممە هۆشداریدا لەوەی “دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەلایەن ئەنقەرە لە ڕۆژئاوایی کوردستان، دەستکەوتەکانی شەڕی داعش لەم وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە”.
میدیا مەگەزین