بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵە لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل گەنجێك لە قەزای خەبات كوژرا و خاڵی گەنجەکەش بریندارە و پۆلیسی هەولێر دەڵێت: سەرقاڵی دەستگیركردنی بكەری تاوانەكەن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پاش ئاگاداركردنەوەی هێزەكانیان لە بوونی رووداوێكی كوشتن لە قەزای خەبات، تیمێكی لێكۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی رووداو و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا.
پۆلیسی هەولێر دەشڵێت: لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت هاوڵاتییەک بەناوی (رێباز حەیدەر رەمەزان) تەمەن (22) ساڵ کوژراوە و هاوڵاتییەکی دیكە بەناوی (فەرهاد ئەحمەد) تەمەن (45) ساڵ برینداربووە.
دەربارەی هۆكاری رووداوەكەش پۆلیسی هەولێر روونیكردووەتەوە، (فەرهاد ئەحمەد) باری بۆ هاتووە و لەوکاتەدا ئۆتۆمبێلێک لە بەردەم گەراجی ناوبراو وەستاوە و ئاگاداری خاوەن ئۆتۆمبێلەکەی کردۆتەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی لابدات بە مەبەستی داگرتنی بارەکەی، لەم نێوەندەدا لەگەڵ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بەناوی (ک.ش. چ.) دەبێتە دەمەقاڵێ و بووەتە شەڕیان، تۆمەتبار چەکی دەرهێناوە و گوللـەی تەقاندووە و ئەو قوربانییانەی لێكەوتووەتەوە.