کوردستانگرنگ

نێچیرڤان بارزانی داوایەکی بەپەلە لە پارتی و یەکێتی دەکات

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا کە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزی کۆماندۆی یەکێتی لەلایەن نوێنەرەکەیەوە خوێنرایەوە دەڵێت، “ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌ دۆخێكى ئاڵۆز و نائاراميدا تێده‌په‌ڕێت و هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسيى جدديدايه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و قبووڵكردنى يه‌كتر و پێكه‌وه‌كاركردنى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان به‌گشتى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى هه‌يه‌. مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نيا به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌كرێت. هێز و ئاماده‌يى و سه‌نگ و قورساييمان له‌ به‌غدا و لاى هاوپه‌يمانان و دۆستانمان له‌ جيهان، به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌بێت.”  

دەقی پەیامەکە:  

خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوڕێيان و هاوسه‌نگه‌رانى شه‌هيد ئاكام،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
سڵاوتان لێ بێت،
هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن.  

ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌م ڕێوره‌سمه‌ خه‌مگينه‌دا به‌شدارين بۆ ئه‌وه‌ى ڕێز و پێزانين بۆ خه‌بات و قوربانيدانى گه‌نجێكى فه‌رمانده‌ نيشان بده‌ين و هاوخه‌مى و هاوسۆزى له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانيدا دووپات بكه‌ينه‌وه. ئه‌م فه‌رمانده‌ لێهاتووه‌، له‌ ئه‌ركى نيشتمانيى پاراستنى كوردستاندا، گيانى به‌خشى و شه‌هيد بوو. شه‌هيد ئاكام عومه‌ر فه‌رمانده‌ى بوێر و چاونه‌ترسى هێزه‌كانى كۆماندۆ، وه‌كوو هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانى لێى ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌ميشه‌ خۆى له‌ ڕيزه‌كانى پێشه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ كوردستان بووه‌ و قه‌ت نه‌يهێشتووه‌ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامانى ديكه‌ى هێزه‌كه‌ى، پێش ئه‌و بگه‌نه‌ به‌ره‌‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دوژمن.  

ئه‌و به‌ گيانێكى نيشتمانيانه‌ و به‌ ئاكار و ڕه‌وشتێكى به‌رز و به‌ بڕوا‌ى به‌تينى به‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ى، هه‌ميشه‌ ئاماده‌ى قوربانيدان بووه‌ و دواجاريش هه‌ر وا كه‌وته‌وه‌ و له‌ ئه‌ركى به‌رگرى و پاراستنى كوردستاندا دژ به‌ تيرۆرستان شه‌هيد بوو. دووباره‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵمان ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانى ده‌كه‌ين و هاوبه‌شى خه‌م و په‌ژاره‌تانين. له‌ خواى مه‌زن داواكارين گيانى شه‌هيد ئاكام به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت. هه‌روه‌ها لێره‌دا سڵاو بۆ گيانى پاكى هاوڕێى شه‌هيد، شه‌هيد مولازم زوهێرى هاوسه‌نگه‌رى ده‌نێرين.  

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..  

مێژووى گه‌لى كوردستان، مێژوويه‌كى پڕ سه‌روه‌رييه‌، به‌ قوربانيدان و خوێنى هه‌زاران شه‌هيد و فرمێسك و ئازارى هه‌زاران دايك و باوكى جگه‌رسووتاوى ئه‌م وڵاته تۆمار كراوه‌‌. ئازادى و ده‌سكه‌وته‌كانى ئه‌مڕۆى گه‌لى كوردستان، قه‌واره‌ى سياسى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، به‌رى ڕه‌نج و خه‌بات و قوربانيدانێكى بێ وێنه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌له‌كه‌مانن‌. ئێمه‌ هه‌موومان قه‌رزارى خوێنى شه‌هيدان و ئازار و قوربانيى خانه‌واده‌كانيانين. لێره‌وه‌ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى ئه‌و قاره‌مانانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ گيانى پاكيان خاك و گه‌لى كوردستانيان پاراست. باشترين وه‌فادارى بۆ شه‌هيدان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان، پاراستنى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى گه‌لى كوردستانه‌ كه‌ به‌ خوێنى ئه‌وان به‌ده‌ستهاتوون.  

به‌ڕێزان،  

ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌ دۆخێكى ئاڵۆز و نائاراميدا تێده‌په‌ڕێت و هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسيى جدديدايه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و قبووڵكردنى يه‌كتر و پێكه‌وه‌كاركردنى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان به‌گشتى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى هه‌يه‌. مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نيا به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌كرێت. هێز و ئاماده‌يى و سه‌نگ و قورساييمان له‌ به‌غدا و لاى هاوپه‌يمانان و دۆستانمان له‌ جيهان، به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌بێت.  

دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتر، شكستى هه‌موومان و شكستى هه‌رێمى كوردستانه‌. هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان و پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى، به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى سه‌رده‌كه‌ون. شكستى هيچمان سه‌ركه‌وتنى ئه‌ويتر نييه‌. سه‌ركه‌وتن و شكستى هه‌موومان پێكه‌وه‌يه‌. له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييدا، هه‌موومان و هه‌موو گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ براوه‌ و سه‌ركه‌وتوون. له‌ ناته‌بايى و دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتردا، هه‌موومان دۆڕاو و شكستخواردووين.  

بۆيه‌ ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا جارێكى ديكه‌ داوا له‌ هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ده‌كه‌ين كێشه‌ و ناكۆكى به‌لاوه‌ بنێن و به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن چاره‌سه‌ريان بكه‌ن. يه‌كڕيزى و ته‌بايى بپارێزن. با پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و كاركردن له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ گه‌لى كوردستان، هه‌موومان پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌.  

جارێكى تر سڵاو له‌ گيانى پاكى شه‌هيد ئاكام عومه‌ر و هه‌موو شه‌هيدانى كوردستان. سڵاو له‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى كوردستان كه‌ بۆ پاراستنى وڵات هه‌ميشه‌ گيانله‌سه‌رده‌ستن.  

هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن و هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن.  

سوپاستان ده‌كه‌م.  

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان  

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button