وەزیری ناوخۆی تورکیا لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی لجێی پارێزگای ئامەدەوە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان راگەیاند.
بەیانیی ئەمڕۆ سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە ئابڵۆقە-18ی بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرۆکایەتیی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە لە هەر چوار پارێزگای ئامەد، چەولیگ، ئێلیە و مووش و بە بەشداریی هێزە تایبەتەکانی ئاسایش و فەوجی گوندپارێزان بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی سێ هەزار و 650 سەرباز بەڕێوەدەچێت و هێزەکەش بەسەر 210 تیمدا دابەشکراون.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆ کە لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، 111 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەستبەسەر 582 حەشارگە و ئەشکەوت و کۆگەی چەکدا گیراوە و لە بەرامبەردا 15 سەرباز کوژراون. هەپەگەش لەم ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 27 سەرباز و گیانلەدەستدانی 17 گەریلای راگەیاندووە.