کوردستانگرنگ

پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی

بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2023، پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان ، هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و گەشەپێدانی زیاتری کوردستان بێت.
سەرەڕای سنوورداری تواناکانی بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی جۆراجۆر لە شارەکانی کوردستان، لە بوارەکانی ڕێگەوبان و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام بدەین . ئەمە جیا لەوەی ساڵی ڕابردوو، لە بواری دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و ئەوروپا، ساڵێکی بەرهەمدار بوو.
بەڵام بە داخەوە، لە ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی چەندین هێرش و پەلاماریش بووینەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی ئاراميی و سەقامگیریی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و هيچ کاتێک مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ هیچ لایەنێک. بۆیە هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی، پارێزراو و جێگیر بێت و كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوکاری هەموو لایەک، درێژە بە پرۆسەی چاکسازییەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان بدەین. بە هیواین هەموو لایەک بەرژەوەندی نیشتمانیی بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە و ڕێز لە سەروەری یاسا بگرین.

ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان و دەستەبەربوونی ئاشتی و ئاسوودەیی بێت بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی.

ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و خوای مەزن کوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2022/12/31

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button