مەسعود بارزانی، بەبۆنەی ساڵی نوێ پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم كە جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بكەمەوە، گەلی كوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بووە.
لە پەیامی مەسعود بارزانی هاتووە: “پێمانوایە ئێستا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەئارادایە و بە هەموو توانایەك پشتگیریی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەكەین كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەروەها لەنێوان حكومەتی هەرێمی و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەستراون”.
بارزانی، راشیگەیاندووە: “ئەو چاوەڕوانییە هەیە كە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوەكانی حكومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و، بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و هەروەها رەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازاندا بێت”.
دەقی پەیامی مەسعود بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.
ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم كە جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بكەمەوە، گەلی كوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بووە و خوازیاری ئەوەیە كێشە و گرفتەكانی لە ڕێگەی دیالۆگ و بە زمانی لە یەكتێگەیشتن و دووركەوتنەوە لە دەمارگیری و نكۆڵیكاری چارەسەر بكرێت.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش پێمانوایە ئێستا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەئارادایە و بە هەموو توانایەك پشتگیریی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەكەین كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەروەها لەنێوان حكومەتی هەرێمی و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەستراون.
ئەو چاوەڕوانییە هەیە كە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوەكانی حكومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و، بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و هەروەها رەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازاندا بێت.
لە كۆتاییدا ئومێدی ئەوە دەخوازم ساڵی تازە، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و، ئاشتی و تەبایی بۆ ناوچەكەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی بێتە دی.
مسعود بارزانی
31ی كانوونی یەكەمی 2022
میدیا مەگەزین