ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هیچ ناکۆکییەک لەسەر بڕگەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی لە نێوان فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکان نییە. دەشڵێت، “نرخی بەرمیلێک نەوت بەکەمترین نرخ تیایدا دیاری دەکرێت ئەمەش بە ئامانجی خۆپاراستن لە دروستبوونی هەر قەیرانێک بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بێتە کایەوە”.
ئەمرۆ شەممە، بەهادین نوری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، حکومەت لە ئێستادا کاردەکات بۆ هەڵسەنگاندنی نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا تا لە بودجەی گشتی جێگیر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە هیچ ناکۆکییەک لە نێوان لایەن سیاسییەکان و فرکاسیۆنەکاندا نییە، هەربۆیە دوای تەواوبوونی ماوەی پشوی یاسا دانان پڕۆژە یاسای بودجە دەگاتە پەرلەمان.
ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەکانی پەرلەمان کاردەکەن لەسەر هەڵسەنگاندنی بڕگەکانی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و هەموارکردنیان بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ یاسا و نەریتەکاندا جا بەشێوەی پشکەکان بێت یان ئەو بڕگانەی کە دەنگیان لەسەردەدرێت.
بەهادین نوری باسی لەوەشکرد، حکومەت هەوڵدەدات لە پڕۆژە یاسای بودجەدا کەمترین نرخ بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دابنێت بە ئامانجی خۆپاراستن لە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و دروستبوونی قەیران.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتریش جاسم موسەوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردبوو، لە دوای دوو هەفتەی دیکە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی دەگاتە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
ئاماژەی بەوەشدابوو، کاری لەپێشینەی لیژنەکانی پەرلەمان تەواکدنی ئەو بڕگانەی پڕۆژەیاساکان دەبێت کە بەدەنگدان لەسەر تێدەپەرێنرێن.
میدیا مەگەزین