حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەرێمی کوردستان، لە بەرهەمی گۆشتی مریشکدا، گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و ساڵانەش بڕی بەرهەمی زیادە، دەنێرێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. دەشڵێت، ” ساڵانە ٩٣ هەزار تەن بەرهەمی زیادەی گۆشتی مریشک دەنێردرێتە دەرەوە”.
ئەمڕۆ شەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پڕۆژەکانی پەلەوەر بەڕێژەی ٢٠٪ بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەرزبوونەتەوە بۆ هەزار و ٨٤٠ پرۆژەی پەلەوەری.
دەشڵێت، توانای بەرهەمهێنانیشی پەلەوەر بەرزبووەتەوە بۆ ٣٠ ملیۆن و ٢٨٦ هەزار و ٢٢٩ جوجکە (وەجبە)، بەراورد بە ساڵانی پێشوو، توانای بەرهەمهێنان بەڕێژەی ٤٢٪ بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە گۆشتی مریشک، ١٤٧ هەزار تەنە لە ساڵێکدا، لە ئێستادا پڕۆژەکانی پەلەوەر زیادیان کردووە و رێژەی بەرهەمیشیان بووەتە ٢٤٠ هەزار تەن لە ساڵێکدا، لەو ژمارەیەش ساڵانە ٩٣ هەزار تەن بڕی زیادەی بەرهەم، رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و لەوێ بەبازاڕ دەکرێت.
لەبارەی سامانی ئاژەڵیشەوە، لە راگەیەنراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، پڕۆژەکانی تایبەت بە قەڵەوکردن و بەخێوکردنی مانگا، لە بەرزبوونەوەدان و گرنگییەکی زۆریان پێ دەدرێت بەجۆرێک ٣٩ پڕۆژەی قەڵەوکردنی گوێرەکە دامەزراون و لەئێستادا ٩٨ پڕۆژەی تایبەت بە قەڵەوکردنی گوێرەکە هەن، جگە لە پەرەسەندن و زیادبوونی پڕۆژەی مانگای شیردەر کە ژمارەیان بۆ ٨٤ پڕۆژە بەرزبوەتەوە لەکاتێکدا پێشتر ٧٦ پڕۆژە بوون، بەمەش پڕۆژەکانی گاوداری بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەڕێژەی ٧٦٪ زیادیان کردووە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، بەشێوەیەکی گشتی، پێشتر هەزار و ٨٦٤ پڕۆژەی پەلەوەری و ئاژەڵی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، لە ئێستادا بەجۆرێک ژمارەی پڕۆژەکان بەرزکراونەتەوە بۆ دوو هەزار و ٢٦١ پڕۆژە، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانیشیان زیاد بووە و بەمەش دەتواندرێت پێداویستیی ناوخۆیی پڕبکەنەوە.
میدیا مەگەزین