
نووسەرێك لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك سەبارەت بە دۆخی ئێستای سلێمانی نووسیویەتی، كە ئەو شارە لەسایەی دوو براكەوە (كە مەبەستی بافڵ و قوباد تاڵەبانی)ییە، لە شارێكی بێ حاكم دەچێ و بەرەو هەڵدێرێكی ترسناك هەنگاو دەنێ.
مەجید ساڵح، لەژێر ناونیشانی (سلێمانی بە دەستی دوو براكەوە!) دەڵێت: ”هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، سلێمانی لە شارێكی بێ حاكم دەچێ و بەرەو هەڵدێرێكی ترسناك هەنگاو دەنێ“.
مەجید ساڵح كە پێشتر خۆی بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕان بووە، ئەو حزبەش لە رەخنە بەدەر ناكات، بەڵام بەتایبەت كە دوو براكە (بافڵ و قوباد تاڵەبانی)، زیاتر ئەخاتە بەر نەشتەری رەخنەكانی و بە شایستەی ئەو پێگەیان نازانێ و نووسیویەتی: ”دوو براكە، كە ئەزموونێكی سیاسی و ئیداریی وایان نییە لەو پۆست و مەقامەدا بن، بێباكیی حكومەت و لاوازیی بزووتنەوەی گۆڕان و بێدەنگیی نوخبەی روناكبیری شارەكەیان قۆستووەتەوە بۆ رازیكردنی پۆپۆلیزمی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوەی بە خەیاڵیش تەسەور نەدەكرا لەو شارە (سلێمانی) رووبدات، ئەوان بە لێدوانێكی سەرپێی دەیكەن بە فەرمان و جێبەجێی دەكەن.”
مەجید ساڵح، سەبارەت بەو خەڵكەی ئێستا چەپڵە بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو شارە لێ دەدەن، دەنووسێ: ”غافڵ لەوەی ئەوانەی ئێستا چەپڵەیان بۆ لێ دەدەن، رۆژیان بێت و دەسەڵاتیان هەبێت، پێش خەڵكی مەدەنیخواز، ئەوان سزا دەدەن.“
لەكۆتاییدا دەڵێت: ”ئەزموونی سیاسی زۆر سەركردە دەریخستووە، ئەوەی بۆ مانەوە لە دەسەڵات لەگەڵ شەیتان هاوپەیمانیی ببەستێ، دواجار هەر شەیتان تەختوتاراجی تەفروتونا دەكات.“
میدیا مەگەزین