لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر 250 کیلۆگرام شیرینی و گوێز و کشمیشی سەرعەرەبانەدا گرت و داواش لە هاووڵاتیان دەکات خواردنی سەر عەرەبانە و دانەپۆشراو نەکڕن.
ئهمڕۆ سێشهممه (3ـی كانوونی دووهم/یهنایری 2023)، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، لە دوو گەراجی وەستانی عارەبانە لە نزیک بازاڕی سەعید تەها کۆیی بڕێکی زۆر شیرینی ئامادەکراوی سەردانەپۆشراو هەڵگیرابوو کە بەهیچ شێوەیەک ئەو شوێنە بۆ هەڵگرتنی خواردن شیاو نییە و مشک و مێرووی زیانبەخشی لێکۆبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خواردن و شیرینییانەش پیس ببوون و بۆ خواردن نەشیاون، هەربۆیە راستەوخۆ تەواوی خواردن و شیرینییەکە تەلەف کران و رێکاری یاسایش لەگەڵ خاوەنی گەراجەکان دەگیرێنەبەر.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان گوتیشی، دەستیان گرتووە بەسەر بڕی 150 کیلۆگرام شیرینی ئامادەکراو و 100 کیلۆگرام گوێز و کشمیشدا و لەناویان بردوون.
رێکان جەمال داواشی لە هاووڵاتیان کرد بەهیچ شێوەیەک خواردنی سەر عهرهبانه و سەردانەپۆشراو نەکڕن، چونکە بەشێوەی تەندرووست دروستناکرێن و هەڵناگیرێن.
میدیا مەگەزین